دیاربەکر.. داوا دەکرێت ڕێگری لە زیادبوونی توندوتیژی بەرانبەر کارمەندانی تەندروستی بکرێت

پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە دیاربەکر دەڵێن: ڕووداوەکانی توندوتیژی لە کەرتی تەندروستی لە زیادبوونە و بازرگانی تەندروستیش بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن.

هەینی، 18ـی نیسانی 2025، ڤەیسی ئۆلگەن، سەرۆکی ژووری پزیشکانی دیاربەکر بە کوردستان24ـی گوت: دەبێت پێش هەموو شتێک تێڕوانینەکان بەرانبەر بە کەرتی تەندروستی بگۆڕدرێن و سیاسەتە تەندروستییەکانیش بگۆڕدرێن، کەرتی تەندروستیش نابێت ببێتە کەرتی بازرگانی. پێویستە هەمووان بە یەکسانی خزمەتگوزاری تەندروستی وەربگرن و خزمەتگوزارییەکانیش بە زمانی دایک پێشکەش بکرێت.

ئەلیف توران، پزیشک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: توندوتیژی لە کۆمەڵگادا کۆتایی نایەت، لەم کەرتەش بەهەمان شێوە ، کاتێک دەستمان بە زانکۆ کرد، مامۆستاکانمان دەیانگوت ئەگەر ئاسایشی تەندروستی نەبێت ناتوانیت خزمەتێکی باش بە نەخۆش بکەیت، پێویستە وەزارەتی تەندروستی پەیوەندی بەو ڕێکخراوە تەندروستییانەوە بکات کە چاڵاک و کاریگەرن و گوێ لە پێشنیارەکانیان بگرێت.

پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی جەخت لەوە دەکەنەوە گرنگە بتوانن لە ژینگەیەکی سەلامەتدا کارەکانیان ئەنجام بدەن، کاتێک پزیشکەکان هەست دەکەن لەژێر هەڕەشەی هێرشدان، ناتوانن خزمەتگوزاری و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکان دابین بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment