دوای 220 ڕۆژ، سێ کەشتیوانی ڕووس و ئەمەریکایی گەڕانەوە بۆ زەوی

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسی 'ڕۆسکۆسمۆس' گەڕانەوەی کەشتیی ئاسمانی 'سۆیوز ئێم ئێس-26'ـی بۆ سەر زەوی ڕاگەیاند. 

ئاژانسەکە، لە تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە " کەشتییە ئاسمانییەکە، کە دوو  کەشتیوانی ڕووس بە ناوەکانی ئەلێکسی ئۆڤچینین و ئیڤان ڤاگنەر و کەشتیوانی ئەمەریکایی دۆناڵد پێتیت ی تێدا بوو،  بە شێوەیەکی ئاسایی لە کازاخستان نیشتووەتەوە؛ تیمەکە لە 11ـی ئەیلوولی 2024ەوە چووبوونە خولگەی بۆشایی ئاسمان."

ئاژانسی ناسا بڵاوی کردەوە، کەشتیوانەکان لە ماوەی 220 ڕۆژدا، 3520 جار بە دەوری گۆی زەویدا سووڕاونەتەوە.

جەختیشی کردووەتەوە "ئەمە چوارەم گەشتی بۆشایی ئاسمانی 'دۆناڵد پێتیت' بووە لە ژیانی پیشەگەریی خۆیدا، کە 590 ڕۆژی لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر بردووە، ئۆڤچینینی ڕووسیش چوارەم گەشتی بووە بۆ بۆشایی ئاسمان، کۆی گشتیی 595 ڕۆژی تێدا بەسەر بردووە، لەکاتێکدا ڤاگنەر 416 ڕۆژی لە بۆشایی ئاسمان بەسەر بردووە."

ئەو سێ کەشتیوانە لە شوێنی نیشتنەوەیاندا بە هێلیکۆپتەر گوێزرانەوە بۆ شاری کاراگەندا لە کازاخستان، دواتریش پێتیت، بە فڕۆکەیەکی ناسا دەگەڕێتەوە بۆ هیوستن، ئۆڤچینین و ڤاگنەریش دەچنەوە بنکەی ڕاهێنان لە ستار سیتی ڕووسیا.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment