سەرکەوت کاڕەش: تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام ڕێنمایی و هۆشیاریی دەدەنە قوتابیان
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نۆ بەڕیوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیمان هەیە، بە بەردەوامی هەفتەی دوو، یاخود سێ ڕۆژ دەچنە قوتابخانەکان و ڕێنمایی و هۆشیاری دەدەنە قوتابیان.
یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان چەندان خولی ڕاهێنانمان لە قوتابخانەکاندا کردووەتەوە بە مەبەستی ڕێنمایی و هۆشیاریی ئەو قوتابیانەی لەگەڵ کەسوکاریان، یاخود لەگەڵ قوتابخانەدا خۆیان دەچنە سەیران و گەشت."
ئەو گوتەبێژە دەڵێت:لە چوار پارێزگا و پێنج ئیدارەی سەربەخۆ، نۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیمان هەیە، کە بە بەردەوامی تیمەکانیان هەفتەی دوو، یاخود سێ ڕۆژ، ڕێنمایی و هۆشیاری دەدەنە قوتابیان، هەندێک لە قوتابخانەکان خۆیان بە نووسراو داوامان لێ دەکەن کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ڕێنمایی و وانەی هۆشیاری بدەن بە قوتابیان.
دەشڵێت: وانەی هۆشیاری لەسەر ئاستەی قوتابیانی قوتابخانەکانە، قۆناغی سەرەتایی لەگەڵ ناوەندیی، دواناوەندیی و کۆلیژ و پەیمانگاکان جیاوازە، هەریەکەیان بە شێوازێکی جیاواز وانەکەیان پێ دەوترێت.
باسی لەوەش کرد، ئێمە بە شێوەیەکی گشتیی زانیارییەکان دەدەینە قوتابخانەکان؛ بۆ نموونە، چۆن خۆیان لەئاگر کەوتنەوە دەپارێزن و هەروەها ئەو قوتابیانەی کە لە قۆناغی سەرەتایین فێریان دەکەین چۆن خۆیان لە دەستکاریی غاز و چەرخ و پلاکی کارەبا بەدوور بگرن. بەشێکی دیکەش ڕێنماییە بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە ماڵەوە کار دەکەن چۆن هەڵسوکەوت دەکەن لەگەڵ چێشتخانەی ماڵەکەیان و فێریان دەکەین ئامێری ئاگر کوژێنەوە چۆن کار دەکات و چۆن ئاگر بکوژێننەوە و بۆچی دەبێت ئەو ئامێرە لە هەموو ماڵێکدا هەبێت؟
سەرکەوت کاڕەش، ڕاشیگەیاند "لەبەر ئەوەی ئێستا وەرزی بەهار و سەیران و گەشتە، ئەو قوتابیانە فێر دەکەین نزیک ئاوی ڕووبار و لە ڕۆخی چیا نزیک نەبنەوە و بۆ مامۆستایانیش ئەو کەلوپەلەی کە پێیانە لە ڕایەخ و دۆشەک، لەکاتی گەڕانەوەدا جوان ڕایان وەشێنن، لەبەر ئەوەی زیندەوەر و مار و دووپشک کە زۆرجار بەو جێگایانەوە نووساون گەیشتوونەتە ماڵەکان. هەروەها ئەو ئاگرەی کە لە کاتی سەیراندا دەیکەنەوە، بە تەواوەتی بیکوژێننەوە، تاکوو نەبێتە هۆی سووتانی دارستان و دەغڵی هاووڵاتییان."