گوتەبێژی دەزگای مین: لە سەرەتای ئەمساڵەوە مین بە 14 کەسدا تەقیوەتەوە

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2025وە تا ئێستا، 14 کەس مینیان پێدا تەقیوەتەوە، لەوانەش 8 کەس گیانیان سپاردووە و 6 کەسی دیکەش بریندار یان کەمئەندام  بوون.

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، تالیب خالید، ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند " لە سەرەتای ساڵی2025وە نزیکەی 10 کێڵگەمین پاک کراونەتەوە."

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کارکردن لە کێڵگە مینەکانی دیکە بەردەوامە و لە لایەن کارمەندەکانی دەزگای مینەوە بەشێکی کێڵگەمینەکان ئامادەن بۆ ڕادەستکردنەوەیان بە خاوەنەکانیان بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان لە مەراسیمێکدا، ڕادەستی خاوەنەکانان بکرێنەوە.

گوتیشی: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا  مین بە 14 کەسدا تەقیوەتەوە، لەوانەش 8 کەس گیانیان سپاردووە و 6 کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام  بوون.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بەشی زۆری قوربانییان، دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین، کاتێک هاووڵاتیان بۆ  گژوگیا بەهارییەکان دەچنە ناوچە مەترسیدارەکان.

تالیب خالید، ڕاشیگەیاند "دەزگای گشتیی کاروباری مین ڕۆژانە لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە بەردەوامە لە پێدانی پەیامەکانی هۆشیاری بە هاووڵاتییان، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و نزیک کێڵگەمینەکان."

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمساڵ سەدان  پۆستەر و لافیتە و ئەو بابەتانەی دەبنە هۆی هۆشیارکردنەوە، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کراون؛ دەیان بیلبۆردی گەورە لەسەر ڕێگا سەرەکیەکان دانراوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان؛ وەزارەتی ئەوقافیش ئاگاداری مامۆستایانی مزگەوتەکان کردووەتەوە کە لە وتاری ڕۆژانی هەینیدا، باسی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی بۆ هاووڵاتیان بکەن تاوەکوو لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment