کشتوکاڵی سۆران: هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیی ناوچەکە زیانیان پێ گەیشتووە

بەهۆی بەفر و تەرزەی ئەم مانگە زیانێکی زۆر بەر ڕەز و باخی جووتیاران گەیشتووە و کشتوکاڵی سۆرانیش دەڵێت: ئەمساڵ بەرهەمی گوێز، قەیسی و خۆخ کەم دەکات.
کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بارینی بەفر و تەرزەی ئەم مانگە زیانێکی زۆری بە ڕەز و باخی جووتیارانی سنوورەکە گەیاندووە، بە تایبەتی لە سنووری باڵەکایەتی.
کامەران حوسێن گوتیشی: لە سنووری باڵەکایەتی، سێ هەزار و 900 دۆنم زەوی جووتیاران زیانی پێ گەیشتووە، کە زۆرترین بەرهەمی، گوێز، قەیسی، خۆخ، سێو و بەهێ لەناو چوون.
بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران دەڵێت: لە ڕواندز، خەلیفان، سیدەکان و شارەدێی مەزنێ، بەفر و تەرزە زیانی بە 390 دۆنم ڕەز و باخی جووتیاران گەیاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەمساڵ بەرهەمەکانی گوێز، قەیسی و خۆخ لە بازاڕەکانی سنوورەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
بڕیار وایە سبەی سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران ڕاپۆرتی کۆتایی دەربارەی زەرەر و زیانەکانی ڕەز و باخی جووتیاران ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و لەوێوە ڕەوانەی حکوومەتی فیدراڵ بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.
ڕۆژی شهممه، 5ـی نیسانی 2025، شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش تەرزەیەکی زۆر باری و لهگهڵ خۆیدا زیانی به كشتوكاڵ و ئۆتۆمبێل و پێداویستی دیكهی هاووڵاتییان گهیاند.