پارێزگای هەولێر: 25%ـی کارەکانی پرۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە تەواو بوونە

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: کارکردن لە پرۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێری پایتەخت بەردەوامە و ئێستا لە 25%ـی کارەکانی تەواو بوونە.

یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لە هەولێر، لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەریی کیمیایی پێک دێن، هەروەها تاقیگەیەکی پێشکەوتووش لەخۆ دەگرێت.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، نەخۆشخانەکە سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەریی نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێك دێت.

پارێزگای هەولێر، دەڵێت: پرۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە، کارکردن تێیدا بەردەوامە، ئێستا لە 25%ـی کارەکانی تەواو بوونە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە تەوابوونی ئەو پرۆژەیە، پێشکەوتووترین تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن.

لە 18ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی نەخۆشخانەکەی دانا و گوتی: "لە كابینەی نۆیەمدا خزمەتی كەرتی تەندروستیمان كردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە، دەبێ هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەكان هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكەن".

 

 
Fly Erbil Advertisment