کەرکووک.. تەنیا یەک تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە ماوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، د. ئەرجان محەممەد، بەڕێوبەری تەندروستیی کەرکووک، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "یەکێک لەو دوو کەسەی کە توشی تای خوێن بەربوون بوون، باش بووەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە هەموو چارەیەکی پزیشکیی بۆ کراوە.
دەشڵیت: ئێستا تەنیا یەک نەخۆش لە نەخۆشخانە ماوەتەوە ئەویش لەلایەن پزیشکانەوە چاودێریی و چارە دەکرێت.
لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا، چوار حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لەکەرکوک تۆمار کران، سێ لەو نەخۆشانە قەسابن بوون و یەکێکیشان کارمەندی تەندروستیی و پەرستار بووە.
دوێنێ یەکشەممە، پەرستارەکە گیانی سپارد، بووە دووەم حاڵەتی مردن بەو نەخۆشییە. ڕێکخراوەکان و سەندیکای پزیشکان داوای بەهاناوە چوون لەبەرپرسانی بەغدا دەکەن.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.
تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).