ئهنجوومهنی باڵای فەتوا: زێر لە شەریعەتی ئیسلام وەک پێوانەی مارەبڕی دیاریی نەکراوە

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پرۆسەی هاوسەرگیریی سست کردووە و ئهنجوومهنی باڵای فەتوایش دەڵێت: لە بری زێڕ کەلوپەلی ناوماڵ بکەنە حەقی مارەبڕیی.
دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئهنجوومهنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لێژنەی باڵای فەتوا ناتوانێت نرخی زێڕ بۆ مارەبڕی دیاریی بکات، بەڵام جەختمان لەوە کردووەتەوە پێویستە زێڕ نەکرێتە پێوەر بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، چونکە لە شەریعەتی ئیسلامدا زێر وەک مافی مارەبڕی دیاریی نەکراوە، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە مارەیی بۆ بکرێت، جا بە گوێرەی توانا.
گوتەبێژی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان گوتیشی: مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینیی دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت پڕۆسەی هاوسەرگیریی قورس بکرێت و پێویستە جێگرەوەی زێڕ داوا بکرێت، چونکە زێڕ تەنیا وەک نەریتێکە نەک شەریعەت و یاسا.
باسی لەوەش کرد، دەتوانرێت لە بری زێڕ داوای کەلوپەلی ناوماڵ یان گەشتێکی عومرە یان هەر شتێک بێت کە ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت، باشتریش وایە ئەندازەکەی کەم بێت، بەڵگەش بۆ ئێمە پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) فهرموویهتی "بەخێرترین مارەیی ئەوەیە کەم بێت".
ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی زێڕ لە جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار21 ئەمڕۆ دووشهممه له ههرێمی كوردستان، گەیشتە 705هەزار دیناری عێراقی، کە یەکەم جارە دەگاتە ئەو ئاستە پێوانەییە.