وەزارەتی ناوخۆ: لێکۆڵینەوە لە گرژییەکەی نێوان هاندەرانی یانەکانی زاخۆ و نەورۆز دەکرێت

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: لە یاری نێوان یانەکانی زاخۆ و نەورۆز، گرژی لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەکە دروست بوو، کە بووە هۆی وەستانی یارییەکە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە دروست کرا و سبەینێ سەردانی شوێنی ڕووداوەکە دەکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.

سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە یارییەکی گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی  لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچوو، بە داخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی گرژییەکەوە ژمارەیەک لە هاندەری هەردوو یانە بە سووکی بریندار بوون، خۆشبەخاتنە بارودۆخی نەخوازراو کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.

وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە دروست کرا و بەیانی سەردانی شوێنی ڕووداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان.

وەزارەتەکە داوا لە هاندەرانی هەردوو یانە دەکات، بە ڕووحی وەرزشی مامەڵە بکەن. هەروەها دەشڵێت: دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی ڕووحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی. 

 
 
Fly Erbil Advertisment