پەیامەکانی یەکەم ڕۆژی ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە کوردستان

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێم و جیهان، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە چوو، لە ڕێوڕەسمەکدا کۆمەڵێک گوتار پێشکەش کران و جەخت لە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان کرایەوە. ئاماژەشیان بەوە دا، نزای نیشتمانیی لە کوردستان پەیامێکە بۆ هەموو جیهان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دنیا و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان بۆ کوردستان، ڕایگەیاند "ئامانج لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی بۆ جاری یەکەم لە کوردستان، ئاشنابوونی جیهانە بەو کەلتوورە دەوڵەمەندەی لە دێرزەمانەوە لە کوردستان هەیە، ئەویش کەلتووری پێکەوەژیان و یەکتری قبووڵکردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزهەبە. ئەو کولتوورەیە کە ئێمە شانازی پێوە دەکەین و داکۆکیش دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێگەیە."

سەرۆک بارزانی هیوای خواست، بەڕێوەچوونی ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە کوردستان "یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو برایەتییە و ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە، قووڵتر و فراوانتر ببێت" و وەکوو خۆی گوتی:"خوداپەرستی خاڵێکی هاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی ئایینەکانە جیاوازەکان. حەق جیا ناکرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگای زۆرە و ئایینە پیرۆزەکان هەمووان کە حەقیقەتی وەحدانییەتی خوایان قبووڵە، هەمووان بەدوای ئەو ڕاستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەمووان بگیرێت.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشی "زۆرداران" بۆ سەر کوردستان، گوتی: "بە درێژایی مێژوو کاتێک هێرش دەکرایە سەر کوردستان، زۆرداران هیچ فەرق و جیاوازییەکیان نەدەکرد، لە نێوان موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدی. هەموو گوندەکانیان سووتاند، هەمووان ڕاگوێزران و لە هەمووان کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کران، ئاخیریشی شەڕی داعش کە جیاوازییان نەکرد لە نێوان موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدی؛ تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دا. لە موقابلی ئەوەدا پێشمەرگە قارەمانەکان بە گیانفیداییەکی بێوێنە بەرگرییان لە هەمووان کرد و ئەفسانەی داعشیان تێکشاند، بەڵام بە باجێکی زۆر زۆر گەورە، ئەویش نزیکەی 12 هەزار شەهید و بریندار بوون."

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین ڕۆژی نزای نیشتمانی ببێتە دەنگی ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتییە

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئومێدەوارین ئەم ڕۆژە ببێتە نەریتێکی ساڵانە کە کەلتووری یەکگرتن، لێبووردەیی، یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێز بکات و هاوکار و بەشدار بێت لە فراوانترکردنی پردەکانی متمانە لە نێوان کۆمەڵگەدا. هەروەها ببێتە دەنگی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی هەیە، وەک هاوبەش و بەرپرسیارییەتی."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، بە "هەنگاوێکی جددی بۆ چەسپاندنی زياترى کەلتووری لێكگەیشتن و ڕێزله‌يه‌كگرتن" ناو برد و باسی لەوە کرد "هه‌روه‌ها پەیامێکه‌ لە کوردستانەوە بۆ جیهان کە دەڵێت، فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بە ئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن."

وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، باسی کرد "به‌ درێژایی ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینیييەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هه‌موو پێکهاتە جیاوازەکان له‌ هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن." جەختیشی کردەوە "کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، لێکگەیشتن و ئاشتی دەمێنێتەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە "بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به‌ ڕێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئەم بەهایانە كاتێك ته‌واو جێگير ده‌بن كه‌ لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاريی نێوان ئایین و کەلتوورەکاندا، پشتگيريى هەبێت و به‌ بڕواوه كاريان بۆ بكرێت. ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ جددى و بێڕاوه‌ستان، كاريان بۆ ده‌كه‌ين."

مەسرور بارزانی: کوردستان بە درێژایی مێژوو لانکەی پێکەوەژیان و فرەئایینیی بووە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا بەخێرهاتنی گەرمی میوانانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان کرد و گوتی: "لە دەستپێکی شارستانییەتەوە، کوردستان هەوێن و  شوێنی شارستانییەت و نەتەوە جیاوازەکان بووە."

مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە مێژووی نوێماندا خەڵکی ئێمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەژادی و نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەتەوە لە دەستی ڕژێمی پێشووی سەددام حوسێن. ئەو جیاوازی نەکرد، لە نێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و ئەرمینییەکان. نە لە نێوان موسڵمان، مەسیحی و ئێزدییەکانیش."

سەرۆک وەزیران دووپاتیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند و پێداگرە بۆ پەرەپێدانی ئەو ئەرکە پیرۆزە و نوێکردنەوەی شار و شارۆچکە وێرانکراوەکان و لە هەمان کاتیش پەرەدان بە ئازادی ئایینی و پەرەدان بە پێکەوەیی ئایینی و زەمینەسازیی بۆ ئاشتی لە هەر سوچێکی ئەم نیشتمانە."

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کاراییەوە کار بۆ دروستکردنی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگای زیاتر دەکات بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن بە ئازادی پەیڕەوی ئایینییەکانیان بکەن. پەروەردە بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە داڕشتنی داهاتووی پێکەوەیی."

بە گوتەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "لە پەرلەمان، حکوومەت و هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو پێکهاتە و ئایینەکان نوێنەرانی خۆیان هەیە و بەو شێوەیە بەردەوام دەبن."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "فرە کەلتووری ئاستەنگ نییە، بەڵکوو هێزە. هێز دەبەخشێت بۆ ئاوەدانکردنی کوردستانێکی گەشەکردوو و پێشکەوتوو." گوتیشی: کوردستان بە درێژایی مێژوو لانکەی پێکەوەژیان و فرەئاینیی بووە.

ئێدوارد هیگەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا

سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا: دەمانەوێت پیشانی بدەین مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕی جیاواز لە جیهانێکدا دەژین

ئێدوارد هیگەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا و دەستەی بۆردی ڕاوێژکاری ڕێوڕسمی ڕۆژی نزای نیشتیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، لە گوتارەکەیدا لە ساتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە ڕایگەیاند، لێرە هەموومان بە یەگرتوویی لە ئایینە جیاوازەکان کۆ بووینەتەوە، دەمانەوێت پیشانی جیهانی بدەین کە مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕی جیاواز لە جیهانێکدا دەژین.

هیگەر گوتیشی؛ ئەو بەهایانەی ئەمڕۆ جیهان پێویستییەتی بریتییە لە بەهای ڕێزگرتن، ئاشتی، هاریکاریی هەمەلایەن و خۆشەویستییە، بۆیە دەمەوێت بەخێرهاتنتان بکەم بۆ ئەم بۆنەیە، چونکە هەموو ئەو بەهایانە لە خۆ دەگرێت.

هەروەها ئاماژەی دا، ئێرە ژووری سەرکردە مەزنەکانە، زۆر گرنگە لەم دۆخە بە مەبەستی ڕێز و ئاشتەوایی کۆببینەوە، بۆیە داواتان لێ دەکەم لەم ڕێورسمەدا دڵەکانتان بکەنەوە و لە ئاستی مرۆڤایەتی و خواپەرستی ئەزموون لەو چالاکییە وەگرن.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا باسی لەوەش کرد، سوپاسی کورد دەکات بۆ ئەو هاوڕێیەتیەی دەیبەخشن، گوتیشی: ئێوە هاوڕێی ئێمەن و ئێمەش هاوڕێیەتیتان پێ دەبەخشین.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 

ئانۆ جەوهەر: پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان شەڕی داعشی کرد

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی کریستییانە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا "ئەم ڕێوڕەسمە پیرۆزە لە کاتێکدا لە هەرێمی کورستان بەبێ ترس بەڕێوە دەچێت کە جیهان لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزی و مەترسی گەورەدایە. هەڵبەتە ئەم ڕێورەسمە دەرخەری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە و شانازییە کە باوەڕدارانی هەموو ئایینزاکان، بەبێ ترس، خوا پەرستی دەکەن."

ئانۆ جەوهەر، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە شەڕی دژی داعش کرد و گوتی: "لە سەردەمی شەڕی داعش، سەرۆک بارزانی جەختی لە هەڵوێستی جێگریی خۆی لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان پێکهاتە و ئایینەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، یان پێکەوە دەژین یانیش پێکەوە دەمرین. ئەمە تەنها گوتەیەک نەبوو، بەڵکوو پەیمانێک بوو بۆ هاوسۆزی و قوربانیدان، بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو."

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش کرد "سەرۆک بارزانی بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە سەرپەرشتیی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، موسوڵمان، کریستییان، ئێزدی و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا، سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و سەدانی دیکەش بریندار بوون. هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر نییە لەپێناو خاکەکەتدا خۆت بکەیە قوربانی."

کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان

لویس ساکۆ: سوپاس بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەو دیدگایەی بۆ دیموکراسی هەیەتی

کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، لە ڕێوەڕەسمەکەدا گوتی: سوپاس بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو دیدگایە ژیرانەی بۆ بەرجەستەکردنی دیموکراسیەت  و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی شارستانی هەیەتی، هەروەها ڕیزگرتن لە بەهاکان و نیشتیمانی و پێکەوە ژیان، هەروەها بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لەگەڵ کرۆکی ڕووداوە غەمگین و  نیگەرانییەکان بوون.

لویس ساکۆ جەختیشی کردەوە، ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە هەرێمی کوردستان هەزاران ئاوارەی مەسیحی لە خۆ گرتووە، هەروەها ئێستا لە ناوچەکەدا جەنگ و ناکۆکی زۆر هەیە، کە مەرگ و وێرانکارییەکان دەخوڵقینێت، ئەمەش بەسە کە تەماشای غەززە بکەین، کە ئەم جۆرە ڕووداوانە دابەشکاری دروست دەکەن، هەروەها هاوکێشە و پارسەنگی هێز دابەش دەکەن، بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

باسی لەوەش کرد، ئەو دۆخە ئەوە دەخوازێت کە گفتوگۆی زیاتر هەبێت بۆ کارکردنی هاوبەش و کە دڵنیایی چارەکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان بدات و بە ئاراستەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و ئاسایش هەنگاو بنێین، پێویستە یاسای نوێ هەبێت یەکسانی لە نێوان پێکهاتەکان لە خۆبگرێت، هانی بنیات نانەوە و گەشەپێدان بدەن.

عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان

عەبدوڵڵا وەیسی: ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تاکە نموونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان

مامۆستا عەبدوڵلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، گوتی: پیویستە ئەمڕۆ نزا بکەین خوای گەورە کوردستانمان بپارێزێت، هەروەها ئەرکە هەموومان کار بۆ پێکەوەژیان لەهەرێمی کوردستان و جیهان بکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێکەوەژیانەی هەیە تاکە نموونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. چونکە ئەوەی کورد نیشانی جیهانی دا لە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و ئاشتی لە هیچ شوێنێک ڕووی نەداوە.

ڕاشیگەیاند، لە مێژووی موسڵمانان و ناوچەکەدا هیچ حاڵەتێکی تۆمارکراومان نییە، دەرگای مزگەوتەکان لەسەر حەوانەوەی ناموسڵمانەکان دابخرێت، ئەو کاتەی ئێزیدیی و مەسیحییەکان لە دەستی داعشەکان هەڵاتن و ڕایانکردە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران داخران تاوەکوو ببێتە شوێنی حەوانەی ئەوان، کە لەمێژوودا ئەوە نەبووە، تەنیا لە کوردستان ڕووی داوە.

مامۆستا عەبدوڵلا وەیسی، باسی لەوەش کرد، لە زۆر وڵاتان، پێکەوەژیان تەنیا دروشمە، بەڵام لە کوردستان ڕاستییە و کردارە، ئەو کاتەی لە 2012 مەسیحییەکان ناوەڕاست و باشووری عێراقییان جێ هێشت و ڕوویان لە کوردستان کرد، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی ڕێپێوانیان بۆ بەردەم بارەگای 'یو ئێن' کرد بۆ داواکردنی مافی مەسیحییەکان.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان جەختیشی کردەوە، هەر پشتیوانیی مامۆستایانی ئاینی و پەیامی ئیسلام بوو، وایکرد پێشمەرگە خۆیان لە پێناو بایەخدان بە پێکەوەژیان بەخت بکەن، هەمووشی ڕۆلی کاریگەریی شێخانی بارزانی بووە هەر لە شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفای بارزانی تاوەکوو سەرۆک بارزانی.

مەڕوای سێیەم، پاتریارک لە کلێسای ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان

مەڕوای سێیەم: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باشی پێشکەوتووی عێراق و ناوچەکەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، مەڕوای سێیەم، پاتریارک لە کلێسای ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە کوردستان گوتی: شەرفمەندم لەم ڕێوڕەسمە وەکو پاتریارێکی کلێسای ئاشووری، لێرە، لەگەڵ براکانم هاوبەشەکانم عێراق، هەرێمی کوردستان و جیهان، بەشدارم، لەو نزا نیشتیمانییە کە لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێکخراوە، هەروەها سوپاسی ئەمەریکا و وڵاتانی جیهان دەکەم.

ئەو پارتریارکە گوتیشی: دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئەم ڕێوڕەسمە زۆر ناوازەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان! زۆر سوپاس بۆ کۆکردنەوەمان.

ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی نایابی پێشکەوتووی عێراق و ناوچەکەیە، بۆ پەرەپێدان بە لێبووردەی ئایینی و پێکەوەژیانی ئایینی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموون و پاشخانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ لەخۆگری نەژادەکان و نەتەوەکان و تەواوی باوەڕداران لە ژێر یەک چەتردا.

میر حازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان

میری ئێزدییەکان: لە سایەی سەرۆک بارزانییەوە هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی هەموو ئایین و پێکهاتەکان

میر حازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان، لە گوتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە هەولێر ڕایگەیاند، سیاسەتی سەرۆک بارزانی بۆ برایەتی و مرۆڤایەتی، ڕژدبوون لەسەر یەکێتیی کۆمەڵایەتیی و بایەخدانی زیاتر بە گیانی لێبوردەیی لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئەوەی هەموویان بە یەکەوە بژین، وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ گشت ئایین و نەتەوەکان تاوەکوو بەیەوەکە بژین.

ڕاشیگەیاند، ئێزدییەکان بەهۆی سەرۆک بارزانی و  ئەو سیاسەتەی بۆ ئازادی و فرەئایینی هەیەتی، توانیویانە ژیانێکی باشتر و شکۆمەندتر بەرجەستە بکەن.

میری ئیزدییەکان دەڵێت: ئەزموونی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان کاریگەری بەسەر هاووڵاتییانی هەبووە، بە شێوەیەک ڕێگە خۆشکەر بووە بەرانبەر هەموو پێکهاتەکان، هاوکات دەرفەتی بە هەموو پێکهاتەیەک داوە بەشداریی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

موحسین مەندەلاوی: هەرێمی کوردستان بووەتە لانکەی پێکەوە ژیان

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پەراوێزی ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: شاری هەولێر، شاری برایەتیی و ئاشتییە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاریکار بوون لە سەرخستنی ئەم دیدارە.

گوتیشی: ئەم کۆنفرانسە لەکاتێکدایە، ئێستا دەنگەکان بەهۆی ڕق و دابەشکارییەوە بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئێمە لە ڕۆژی نزای نیشتیمانی دەڵێین: ئێمە میللەتێکین هەرچەندە ئاڵنگارییەکان بەهێزتر بن، باوەڕمان بە ئاشتی هەیە و ژیانمان خۆش دەوێت.

مەندەلاوی، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەمان توندوتیژی و تیرۆر و ناخۆشیی زۆری بینییوە، بەڵام ئیرادە و ویستی میللەتەکەمان زۆر بەهێزتر بووە لە ڕەشەبای تاریکی، هەروەها لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا فێربووین، سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەجەنگەکان بەراوورد ناکرێت، بەڵکو بە شکۆ و ڕیزگرتن لەجیاوازییەکانیان دەکرێت.

بەرهەم ساڵح: ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکی مێژووییە

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان، کوردستان بە درێژایی مێژوو خاکی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بووە.

بەرهەم ساڵح، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، "ئەمڕۆ ئێمە وەکوو گرووپ و کۆمەڵی لە یەکدی جیاواز کۆ  نەبووینەتەوە، بەڵکوو یەک خێزانی مرۆیی پێکەوەین، یەکگرتووین لە نزا، بەزەیی و تێکۆشان بۆ ئاشتی."

سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، هاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دووپات کردەوە و وەکوو خۆی باسی کرد "پاپا بەردەوام هەوڵی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان گەلان کردووە و هەموو کاتێک داوای کردووە، دەستی هاوکاریی بۆ یەکتر درێژبکەین، نەک پێچەوانە."

پشتیوان سادق: وتاری ئاینی لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی میانڕەوە

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، لە وتارەکەیدا لە ڕێوڕسمی نزای نیشتیمانی ڕایگەیاند "هەرێـمی کوردستان، ئاینی جیاواز و پەرستشی جیاواز لە خۆ دەگریت، هاوکات لە هەموو چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە فرەدینی هەرێـمی کوردستان بانگهێشت دەکرێت.  خەباتی خەڵکی کوردستان وێرای ئەوەی لە پێناو ئازادی نەتەوەییدا بووە، هاوکات لە پێناو ئازادی دینی و پێکەوە ژیان بووە."

پشتیوان سادق، جەختیشی کردەوە، چەندین جار لە کۆبوونەوەکاندا لەلایەن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێـمی کوردستان، ئاگەدارکراینەوە کە دەبێت ڕێگە بە هەموو دینەکان بدرێت بە ئازادی پەرستشی خۆیان بکەن.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، وتاری ئاینی لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی میانڕەوە، بە تایبەت وتارەکانی ڕۆژانی هەینی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەشداری تێیدا دەکەن و بووتە ڕێگە خۆشکەر بۆ کەلتووری فرەدینی لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: کۆنسۆلی ئەمەریکا دەستخۆشی لەو کارانە کردووە کە لە مزگەوتەکانی هەرێـمی کوردستان ئەنجام دەدەرێن.

لە بارەی دینی کریستیانی لە هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق ڕایگەیاند "زیاتر لە 14 مەزهەبی جیاوازی کریستیانی لە هەرێـمی کوردستان هەن، هاوکات عەنکاوە گەورەترین شاری کریستیانەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە 20 کەنیسەی لێیە."

خەمیس خەنجەر: جیاکاری و قەیرانەکان باڵیان بەسەر عێراقدا کێشاوە

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە میانەی بەڕێوەچوونی نزای نیشتیمانی لە هەولێر، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی خاکی پێکەوەژیانە و فرەچەشنیی تێدایە، هەولێر شاری پێکەوەژیان و برایەتی و خۆشەویستییە، پێویستە ئەم دیدارە ڕۆح بداتەوە بەر عێراق و دووبارە کاری سیاسی ئاراستە بکاتەوە بۆ فرەچەشنی، نەک جیاکاری.

خەمیس خەنجەر گوتیشی: جیاکاری و قەیرانەکان باڵیان بەسەر عێراقدا کێشاوە و ماندوویان کردووە. عێراق لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە دروست بووە و پێویستی بە سیاسەتێکە لەگەڵ مێژووییەکەیدا بگونجێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، باسی لەوەش کرد "ناکرێت ئایین بۆ جیاکاریی بەکار بهێنرێت،  پێچەوانەی ئەوەی لە ڕابردوودا بەسەر عێراقدا هاتووە، هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی بە سەرکردایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، لانکەی پێکەوە ژیان و شکۆمەندییە."

 هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

هێمن هەورامی: بەدرێژایی مێژوو کوردستان قوربانی داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان

د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی نزای نیشتمانی لە کوردستان گوتی: جێگای شانازییە ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆ بووینەتەوە بۆ دوعا کردن لە ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان کە هەموو سنوورەکان دەبڕێت. 

گوتیشی: گرنگە فرە کەلتووری و ئاینی فرە لایەنی باوەڕەکان دەرببڕین کە بۆ هەمووان گرنگە، ئەوەمان بە بیر دێتەوە، کە بەهێزی لەوەدایە جیاوازەکان لەوەدایە توانامان هەبێت و تواناکان لە خۆیان بگرین بەبێ ئەوەی ترسمان هەبێت، لەسەر بنچینەی ڕێزگرتن و سازان، ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا بۆ ڕێزگرتن لە ڕێوڕەسمەکە نییە، بەڵکو ئەوە نیشاندانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانە بۆ پێکەو ژیانی پێکهاتە و لایەنەکان، ئێمە بە شانازییەوە ئەمڕۆ نزا دەکەین کە هەر لە یەکێتیی و یەکگرتندابین.

دەشڵێت: زۆر شەرفمەندم ئەمڕۆ ئێوە لێرەن، بەخێربێن بۆ خاکی کوردستان، خاکی ئاشتی، پێکەوەژیان و ڕێزگرتن، دەبینن لە کوردستان.

ڕێورەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان

بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی، یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕێوڕەسمە دەکرێت و لە ئەمڕۆوە تا 25ی ئەم مانگە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) بەڕێوە دەچێت. 

زیاتر لە 400 کەسایەتیی بەشداریی لەم بۆنە تایبەتەدا دەکەن، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ئایینی ئەمەریکایی، ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دیپلۆماتکار، بەرپرسانی وڵاتان و کەسایەتیی ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند سەرکردە و کەسایەتیەکی دیکە لە عێراق و جیهان بەشدارن.

هەروەها کەسایەتییە ئایینییەکانی ئیسلام، کریستییان، ئێزدی و ئایینەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە نزای بە کۆمەڵ بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.

ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. یەکەم ساڵە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دەبێتە نەریتێکی ساڵانە.

ساڵانە، ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە لە وڵاتانی دیکەی بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت، بەو پێیەی باوەڕدار و پەیڕەوانی هەموو ئاینییەکان تێیدا بەشدار دەبن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە تەنیا پەیڕەوانی یەک ئایین بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەبن. 

لە ڕۆژی کۆتایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، میوان و پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی ژمارەیەک مزگەوت، کڵێسا و پەرستگاکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و دەشتی نەینەوا دەکەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێنج هەزار و 732 مزگەوت، 135 کڵێسا، 315 پەرستگە، یەک ئاتەشگە لە هەرێمی کوردستاندا هەن. 

لە دێرزەمانەوە نەتەوە و ئایینی جیاواز لە کوردستاندا لەگەل کۆمەڵگەی کوردی هەن، ئەوانیش لە بوارە جیاجیاکاندا لە گەشەسەندندا بوونە و تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەوپەڕی ئازادی و بە سەربەستی و شکۆمەندانەوە ژیاون و کەلتوور و ناسنامەیان وەک خۆی پارێزراوە و خاوەنی سەدان پەرستگای تایبەت بە ئایینی خۆیان و سەدان قوتابخانە و فێرگەی زانستین بە زمانی دایکیان. 

پەیوەندی و دۆستایەتیی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشیی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کەلتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا برا و ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment