مەسرور بارزانی: رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ چیرۆکی کوردستان بوو

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتاری کۆتایی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان پێشکەش کرد و گوتی: سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ بەشداریتان، هەمووان هۆکارێکن بۆ ئەوەی بۆنەیەکی سەرکەوتوو بگێڕین. بە ئامادەبووانیشی ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ بینیتان چیرۆکی کوردستان بوو و کە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆتان، بۆ هاووڵاتیانتان بیگێڕنەوە.
چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتاری کۆتایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، پێشکەش کرد و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: هەمووتان ئەمڕۆ هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بۆنەیەکی سەرکەوتوو بگێڕین، هەروەها سوپاسی ڕێکخەرانی بۆنەکە دەکەم.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، دەزانم سەخت بووە ئێوە شەو و ڕۆژ کارتان کردووە، تا ئەمە ببێتە یەکەم بۆنە لە مێژووی کوردیدا سەرکەوتوو بێت. دەشڵێت: ئەم کارەی ئێوە کردتان لە سەرووی پێشبینی من بوو.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کارە گرنگانەی ئەمڕۆ هیچی ڕووی نەدەدا، ئەگەر بە سەرکردایەتیی و ڕابەر و سەرۆکمان، سەرۆک بارزانی نەبایە.
هاوکات گوتی: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەم هەرێمەیان پاراستووە، زۆر سوپاسی خزمەتی هێزی پێشمەرگە دەکەم، کە هەرێمی کوردستانی پاراستوە.
مەسرور بارزانی، ڕوونی کردەوە، ئەوە ئێمەین کە کوردستانمان وا لێ کردووە بووەتە شوێنی پێکەوە ژیان، ئێمە خاوەنی چەندین ئاینی جیاوازین، بەڵام ئەو جیاوازییانەی لەنێوانماندا هەیە هەرگیز دابەشمان ناکات، بەڵکو ئێمەی یەکگرتوو کردووە، وای کردووە پێکەوە بژین و یەکترمان خۆش بوێت، نیشتمان و خوداشمان خۆش دەوێت.
گوتیشی: باوەڕمان بە خاک، ناسنامە و ئامانجی خۆمان هەیە، هەروەها ئەوانەشی باوەڕیان بە پێکەوەژیان و ئاشتی نییە، هێرشیان کردینە سەر، بەڵام ئێمە ڕزگار بووین و سەرکەوتوو بووین، ئەگەر پێکەوە هەمیشە یەکگرتوو بین دەتوانین بەسەر هەموو نەهامەتییەکاندا زاڵ بین.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد و دووپاتی کردەوە، سوپاسی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش دەکەین، ئەوانە هاوکارییان کردین بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بە ئازادی لە کوردستان بژین.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەبێ قوربانی و بوونی هاوڕێکانمان و بەبێ ئازایەتیی پێشمەرگە، نەماندەتوانی ئاوا بە ئازادی بژین، سوپاسی تەواوی ئەو کەسانە دەکەین کە ئێمەیان پاراست.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش کردەوە، ئێمە لە ڕابردوودا دەرفەتمان پێ نەدراوە کە چیرۆکی کوردستان بۆ جیهان بگێڕینەوە. داوای لە میوانانی بەشداربوو کرد، ئەوەی کە ئەمڕۆ دەربارەی ئەو ڕاستییەی لە کوردستان بینیان، کاتێک گەڕانەوە وڵاتەکانی خۆیان، بۆ هاووڵاتییەکانیان بیگێڕنەوە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، لە بری هەموو گەلی کوردستان پێتان دەڵێم، هەرگیز هاوکاری و پشتیوانیی هاوڕێیانمان لە تەواویی جیهان لەبیر ناکەین.