دهۆک.. بەهۆی خۆڵبارینەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی تووشی تەنگەنەفەسی بوون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، د. خالید حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نەخۆشانەی دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر کاتێک خۆڵ ببارێت چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، ئەو هاووڵاتیانەی ڕەبۆیان هەیە، تەنگەنەفەس دەبن سەردانی نەخۆشخانە دەکەن.
ئەو پسپۆرە گوتی: لە دوێنێ شەوەوە تاکوو ئێستا نزیکەی 21 نەخۆش گەیەنراونەتە نەخۆشخانە بەهۆی تەنگەنەفەسی و هەستیارییەوە، بەڵام ئەوانەی کە سەردانی ڕاوێژکارییان کردووە نزیکەی 60 کەسن و زۆربەیان چارە کراون و گەڕێنراونەتەوە ماڵەوە تەنیا ئەو 21 کەسە ماونەتەوە لە نەخۆشخانەکەدا.
باسی لەوەش کرد، ئەو خۆڵبارینە هەندێک بەکتریا و ڤایرۆسی تێیدایە کە دەچێتە سینگی منداڵەوە تووشی هەستیاریان دەکات، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە ڕەبۆیان هەیە تووشی هەوکردنیان دەکات و ناچار، دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا بن.
ئاوارە محەممەد، بەرپرسی ئیدارەی نەخۆشخانەی ڕۆژاوای هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "هیچ حاڵەتێکی تەنگەنەفەسی لە نەخۆشخانەکەمان تۆمار نەکراوە."