سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا: پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باڵایە
سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا دەڵێت: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باڵای پێکەوەژیانە و هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە فرە ئایین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، ئیدوارد هێگە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا لەمیانەی بەشداریی بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، ڕایگەیاند: ڕۆژی نزای نیشتمانی پەیامێکی بەهێز و گەورەی هەبوو، ئەوەی لێرەم بینی زۆر جیاواز بوو، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە فرە ئایین و چەندین ئایینی جیاوازی تێدایە.
گوتیشی: "خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر جوانتر لە ئێمە ڕێزی مرۆڤ دەگرن"، لەم سەردانەم بۆ هەولێر زۆر وانە فێربووم کۆبوونەوەی چەندین ئایین لە کوردستان لە شوێنەکانی دیکەی جیهان نابیندرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باڵایە.
دوێنێ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 8:00ـیی بەیانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دنیا و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە چوو.