وەزارەتی تەندروستی: هیچ گۆشتێکی بێ مۆری لیژنەی تەندروستی نەکڕن

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر ئاژەڵێک کە دێتە ناو خاکی کوردستان، سەرەتا دەبێت کەرەنتین و پشکنینی سەلامەتی بۆ بکرێت.
هەینی، 25ـی نیسانی 2025، د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "وەکو وەزارەتی تەندروستیی پلانێکمان هەیە، پێی دەگوترێ "پلانی نیشتمانی ساڵانە" بۆ ڕووبەرووبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان، یەکێکیش لەو نەخۆشیانە تای خوێنبەربوونە کە ساڵانە لەگەڵ قوربانی کردن و گەرما بڵاو دەبێتەوە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکمان داناوە هەر ئاژەڵێک بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرەتا کەرەنتین بکرێت و دواتر پشکنینی سەلامتی بۆ ئاژەڵەکان بکرێت، دوای ئەوەی ئاژەڵەکە سەلامەتە دەرچوو لە پشکنین ئینجا ڕێگەی پێدەدرێت بێتە ناو خاکی کوردستانەوە.
دەشڵێت: ئێمە کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنمایی تایبەتمەندی تایبەتمان دەرکردووە گشتاندنیشمان پێ کردووە و بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەکانی قایمقامیەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت لەم ماوەدا سەردانی شوێنە گشتییەکان، فرۆشگاکان، مۆڵەکان بکەن.
باسی لەوەش کرد، قوربانی کردن لە هەموو شوێنێک و شەقامێک قەدەغەیە، لە هەموو شار و شارۆچکەکان لیژنەکانمان سەردانی دەکەن لە هەر شەقامێک و کۆڵانێک و شوێنێکی گشتیی قوربانی بکرێت، ئەوا خاوەنی قوربانییەکە دووچار لێکۆڵێنەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتەکان و دەزگا ئەمنییەکان سەردانی فرۆشگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەن و پێویستە لە هەموو کوشتارگەکان هەموو گۆشتێک مۆری وەزارەتی تەندروستیی پێوە بێت، و مەرجی تەندروستییشی تێدا جێبەجێ کرابێت، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین ئەو گۆشتە بکڕن کە مۆری تەندروستیی پێوەیە.
دەشڵێت: هەر شوێنێک ڕێکاری و ڕێنماییەکانی تەندروستیی جێبەجێ نەکات، ڕاستەوخۆ لێکۆڵیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
د. سەرکار سورچی، ڕاشیگەیاند "داواش لە ئافرەتانی ماڵەوە دەکەین، کاتێک گۆشت دەکڕن بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە بەفرگردا هەڵبگیرێت ئینجا دواتر دەبێت دەستکێش لەدەست بکات بۆ کاتی شۆردنەوەی گۆشتەکە و ئامادەی بکات بۆ خواردن. ئەو کەلوپەلانەی کە بەکاری هێناوە بۆ گۆشتەکە نابێت بۆ هیچ خواردنێکی دیکە بەکاری بهێنێت، دواتر دەستەکانی جوان بشوات."