نوێنەری ئەمەریکا: لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی حکوومەتی سووریا دەکەین
"ئەمەریکا دەیەوێت سووریا وڵاتێکی سەقامگیر بێت"

نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت حکوومەتی سووریا چەکی کۆمەڵکوژ لە وڵاتەکەی لەناو ببات و نابێت بهێڵێت تیرۆستان لە خاکەکەی بمێنن. گوتیشی: حکوومەتی وڵاتەکە پێویستە سیاسەتێک بگرێتەبەر کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
هەینی 25ـی نیسانی 2025، دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، لەبارەی دۆخی سووریا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی حکوومەتی سووریا دەکات، هەروەها هیوادارە حکوومەتی ڕاگوزەر هەنگاوی ئەرێنی بنێت.
هاوکات دەڵێت: چاومان لەوەیە حکوومەتی ڕاگوزەر نوێنەرایەتی باشتری وڵاتەکەی لەسەر ئاستە جیاوازەکان بکات. گوتیشی: ئێمە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بە بەرپرسیار دەزانین کە نابێت بهێڵێت تیرۆرست لە خاکەکەی بمێنێت.
نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا سیاسەتێک بگرێتەبەر کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، دەبێت شەرع چەکدارە بیانییەکان لە وڵاتەکەی دووربخاتەوە و چەکی کۆمەڵکوژ لەناو ببات، هەروەها هاوکار بێت لە دۆزینەوەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا و سەرجەم وڵاتانی دیکە کە لە سووریا ون بوونە.
دۆرۆسی شیا، دووپاتی کردەوە، چاویان لەوەیە حکوومەتی سووریا بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت و، دەبێت لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکات کە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەدا کراوە.
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، دۆرۆسی شیا، گوتی: ئەمەریکا لە سووریا بە تەواوت نەکشاوەتەوە تەینا ژمارەی سەربازکانی کەم کردووەتەوە، هەروەها هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، باسی لەوە کرد، ڕێککەوتنی نێوانیان کارێکی باشە و بە ئەرێنی دەبینین. هەروەها لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بەردەوام دەبین.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، چاومان لەوەیە ڕیککەوتنەکانی نێوان شەرع و عەبدی ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگری لە ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گرژییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرهەڵنەداتەوە.
لەبارەی گەڕانەوەی هاووڵاتییان لە سووریاوە بۆ وڵاتەکانیان، دۆرۆسی شیا، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییان لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ بۆ وڵاتەکانیان، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت سووریا وڵاتێکی سەقامگیر بێت.