خوڵبارین زیانێکی زۆری بە ترێ و هەنگوین گەیاندووە

بەرسیلە (پەسیرە)ـیەکی میوەی ترێ و شانەیەکی هەنگ
بەرسیلە (پەسیرە)ـیەکی میوەی ترێ و شانەیەکی هەنگ

خوڵبارین زیانێکی زۆری بە بەرهەمی ترێ و هەنگوین گەیاندووە و جووتیاران پێیان وایە، تاکە چارە، شەپۆلێکی دیکەی بارانە. 

لە گوندی بەربەهاری سنووری پارێزگای دهۆک، ژمارەیەکی زۆر ڕەز هەن و خوڵبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، زیانی گەیاندووەتە بەشێکی زۆریان. 

محەممەد سەلیم بەربەهاری، جووتیارێکی بەرنیاسی دهۆکە، زیاتر لە دوو هەزار بنە مێوی هەیە و بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "خوڵبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، زیانی بە هەموو شتێک گەیاندووە، بە تایبەت ترێ، چونکە گەشەکەی ڕاگرتووە. هەروەها زیانی بە گژوگیای بەهارەش گەیاندووە، بارانی ئەم دواییانە سوودێکی زۆری بۆ گژوگیان دەبوو، بەڵام خوڵبارینەکە کاریگەریی نەرێیی لەسەری هەبوو و نەیهێشت زیاتر گەشە بکات."

خوڵبارینەکە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، بێجگە لە دهۆک، پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە. ئەمین ئامیدی، شارەزای بواری کشتوکاڵی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "خوڵبارینەکە کاریگەریی لەسەر گەشەی گژوگیا، بەرهەمی میوە، هەنگ، سامانی ئاژەڵی و تەنانەت مرۆڤیش هەبووە. هاوکات قورسترین خۆڵبارین بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە زیانی بە بەرهەمی کشتوکاڵی گەیاندبێت." 

 

 

بێجگە لە ترێ، خوڵبارینەکە زیانێکی زۆری بە هەنگەکانیش گەیاندووە. عززەت سلێمان، هەنگاوانێکی ئاکرێیە و بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "خوڵبارینەکە زیانێکی زۆری بە هەنگەکان گەیاندووە، چونکە خوڵ گوڵ و گژوگیای داپوشیوە. ئێستا هەنگەکان ناتوانن شیلەی گوڵەکان بمژن کە خواردنی سەرەکییانە. تاکە چارەش، شەپۆلێکی دیکەی بارانە بۆ ئەوەی دووبارە گوڵەکان گەشە بکەن."

لە قەزای ئاکرێ، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 600 هەنگەوان و 22 هەزار شانەی هەنگ هەن. زۆرینەیان لە نێو سروشتدا بەخێو دەکرێن. 

کاروان جەمال، بەرپرسی بەشی هەنگەوانی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەنگ، جۆرە مێشێکی زۆر هەستیارە و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەمەکەی هەیە، بۆیە پێویستە هەنگەوانان هەندێک ڕێکار بۆ پێدانی خواردن بە هەنگەکان بگرنەبەر."

ساڵی ڕابردوو بەرهەمی هەنگوین لە سنووری قەزای ئاکرێ زیاتر لە 35 تۆن بوو، بەڵام ئەمساڵ لەبەر کەمیی باران، خوڵبارین و گۆڕانی کەشوهەوا چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمەکە کەمتر بێت. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment