12 هەزار پەنابەری سووری له عێراق و ههرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمساڵدا 12 هەزار پەنابەری سووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 12 هەزار پەنابەری سووریا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەردوو دەروازەی فیشخابوورو قائیمەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە سووریا.
هاوکات، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەو ماوەیەدا لە کۆی سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری سووری، 175 هەزار و 512ـیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، لە 8ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە 400 هەزار پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ و یەک ملیۆن و 400 هەزار ئاوارەی دیکەی ناوخۆیی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، ئەگەر تەرخانی دارایی پێویست دابین نەکرێت ڕەنگە پلانی گەڕانەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەرو ئاوارەی سووریا بۆ ساڵی 2025 سەرنەگرێت، چونکە لە کۆی 575 ملیۆن دۆلار لە بودجەی دەستنیشاکراو تەنیا 71 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە و خەرجنەکردنی گوژمەی هاریکاری پێویست بەربەستی دروستکردووە بەو پێیەی زیاتر لە 16 ملیۆن کەس لەناوخۆی سووریا کە 90 %ـی رێژەی تێکڕای دانیشتووان پێک دەهێنن و حەوت ملیۆن و 400 هەزاریان ئاوارەی ناوخۆیین، پێویستیان بە هاریکاری مرۆیی هەیە.
کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەش کردووە چوارچێوەی هاریکارییەکانیان پشتیوانیی لە گەڕانەوەی یەک ملیۆن پەنابەرو دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لە خۆدەگرێت.