سووریا تونێلێکی تەراتێنی گرووپە میلیشیاکان لە سنووری عێراق ئاشکرا دەکات

چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، هێزەکانی ئاسایشی گشتی سووریا دۆزینەوەی تونێلێکی لە نێوان عێراق و سووریا لە ناوچەی سنووری ئەلبوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور ڕاگەیاند.

تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا بڵاوی کردەوە، ئەو تونێلە پێشتر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە شارۆچکەی ئەلهری لە لادێکانی ئەلبوکەمال بەکارهێنراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تەلەڤزیۆنی سووریا، درێژی تونێلەکە نزیکەی 500 مەتر بۆ ناو خاکی سووریا درێدەبێتەوە، هەروەها شوێنی کردەی قاچاخی نێوان عێراق و سووریا بووە. 

دانیشتووانی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، ئەو بارەگایەی کە تونێلەکەی تێدابووە، مۆڵگەیەکی گرنگی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووە لە ناوچەکەدا.

دانیشتووانی ناوچەکە دەشڵێن، ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری نەناسراو دەهاتە بارەگاکە، لەکاتی هاتنی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتوندی دەپارێزرا.

پێشتریش لە مانگی یەکی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکانی سووریا لە ناوچەی ئەلبوکەمال تونێلێکیان دۆزییەوە کە سووریا بە عێراق دەبەستێتەوە.

دانیشتوانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەش کردووە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران تونێلەکەیان بۆ بە قاچاخبردنی چەک و ماددەی هۆشبەر و خۆدزینەوە لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکان بەکار هێناوە. 

لە میانی ئۆپراسیۆنەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی پێنج کەسی دەستبەسەر کرد کە دەستیان لە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر و چەکدا هەبووە لە شارۆچکەی ئەلهری.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی تەلەفزیۆنی سووریا، هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە شاری ئەلبوکەمال هەڵیانکوتایە سەر حەشارگەی باندەکە و دەستیان بەسەر 90 هەزار حەبی کەپتاگۆن و چەکدا گرت، لە نێو ئەو چەکانەی دەستی بەسەردا گیراوە، کڵاشینکۆف و ئارپیجی و تەقەمەنی و بۆمبی تێدا بووە.

وێنەی 'تونێلە' دۆزراوەکە لە تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاوکراوەتەوە

 

 
 
Fly Erbil Advertisment