حووسییەکان: هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڤینسۆن

حووسیەکانی یەمەن ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی ڤینسۆن و ژمارەیەک لە کەشتییە جەنگییەکانی لە دەریای عەرەبیدا بۆمباران کردووە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سوپای حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بە بەکارهێنانی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە."

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکە 24 کاتژمێر دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە کرا کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی ترومانمان  تا  باکووری دەریای سوور، بەرەو  کەناڵی سوێس ڕاو نا.

گوتیشی: لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە دژی کەشتیی ترومان، فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 18 کەوتە خوارەوە و چەند هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکامان بۆسەر وڵاتەکەمان  پووچەڵ کردەوە، ئەمە جگە لە ڕاوەدوونانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ترومان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تا باکووری دەریای سوور .

گوتەبێژەکە، جێبەجێکردنی دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی یافای داگیرکراو بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "یافا" و لە دژی ئامانجێکی ئیسرائیل لە ناوچەی عەسقلانی داگیرکراو بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "یافا" ڕاگەیاند.

هەروەها جەختی لە بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنی سەربازی کردەوە، تا هێرش بۆ سەر غەززە دەوەستێت و گەمارۆکە هەڵدەگیرێت.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی سەر بە حووسییەکان بڵاویان کردەوە، سێ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شارەدێی کیتاف لە پارێزگای سەعدە.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانیان لە شارۆچکەی ئەلحوک لە حودەیدە  بۆمباران کرد.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment