نزیكه‌ی سه‌د رۆژ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌كه‌ی تێده‌په‌ڕێت و هێشتا كازمی به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌

ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌ ئارادایه‌

K24 - ھەولێر:

وێڕای تێپه‌ڕینی سێ مانگ بەسەر پێكھێنانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، كە لە 7/5/2020 متمانەی بەدەستھێنا، كەچی مشتومڕی سیاسی و یاسایی لە بارەی چەند پرسێك، لە داواكارییەكانی جووڵه‌ی ناڕەزایی ھێشتا بەردەوامە، گرنگترینیان سزادانی ئەو كەسانەیه‌، كە دەستیان ھەبووە لە كوشتنی زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر و برینداركردنی ھەزارانی دیكە و تەواوكردنی یاسای ھەڵبژاردنەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەیە، كە كازمی رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 دەستنیشان كردووە بۆ ئەنجامدانی.

لەوەتەی مستەفا كازمی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست بەڵینەكانی چەند بارە دەكاتەوە سەبارەت بە بەردەوامبوونی حكومەتەكەی لە دۆزینەوەی ئەو كەسانەی دەستیان ھەبوو لە كوشتن و رفاندن و ھێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران. دواترین لێدوانیشی لەم بارەوە لە مانگی رابردوو بوو و تێیدا گووتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵ هه‌موو ئەوانەی دەستیان ھەبووە لە رژاندنی خوێنی هاووڵاتیانی عێراق".  

بەڵام بەڵینە چەند بارەكانی كازمی رێگای بە خۆپیشاندەران نەگرت لە پارێزگاكانی باشوور جارێكی دیكە دەست بەخۆپیشاندان بكەنەوە. داوای سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەرانى سەردەمی حكومەتی عادل عەبدولمەھدی دەكەن، كە هه‌موو ئامرازێكی بەكارھێنا بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران.

ھەندێك چالاكوانانی گۆڕەپانی ئەلحەبووبی لە شاری ناسرییە بە  سایتی "العربي الجديد"يان رایانگەیاندووە، حكومەتی كازمی زۆر بەڵێنی داوە، بەڵام ھیچی جێبەجێ نەكردووە، لە پێش ھەمووشیانەوە بەڵینی سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران، كە كاتێكی زۆری ناوێت، بە تایبەتی دژی ئەو كەسانەی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، وەك بەرپرسی شانەی قەیرانەكان و بەرپرسی جووڵه‌ی سوپا لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا، جەمیل ئەلشەمەڕی كە زیاتر لە فەرمانێكی دەستگیركردنی لە دژ دەرچووە، بە ھۆی فەرماندانی بە دەستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆپیشاندەران بە گوللـه‌ و لە ئەنجامدا دەیان كەس لە ناسریە و شارەكانی دیكەی پارێزگاری زیقار كوژران و برینداربوون. 

ئەحمەد جەزائیری، كە یەكێكە لە چالاكوانانی نەجەف دەڵێت: حكومەتی ئێستا خۆی بەدوور دەگرێت لە باسكردنی كوشتاری دژ بە خۆپێشاندەران لە لایەن ھێزەكانی ئەمنی و میلیشیاكانەوە لە سەردەمی حكومەتی عادل عەبدولمەھدی.

روونیشكردەوە، ئەم دۆسێیە لە دۆسێیە سەرەكییەكانی داواكانی جووڵه‌ی شەقامە، كە لەوانەیە لە ھەر كاتێكدا بگەڕێتەوە سەر شەقام ئەگەر ھەست بكات حكومەت نایەوێت بەرژەوەندییەكانی گەل جێبەجێ بكات.

Fly Erbil Advertisment