وەزیری تەندروستی: پێشخستنی لەدایکبوونی کۆرپە بەنیازی بەرواری جوان قەدەغەیە
سامان بەرزنجی: هیچ نەخۆشخانەیەکی گشتی و تایبەت نابێت پێش کاتی لەدایکبوونی ئاسایی نەشتەرگەری بۆ ئافرەتانی دووگیان بکەن

بەشێک لە ئافرەتانی دووگیان پێش کاتی ئاسایی لەدایکبوون نەشتەرگەری بۆ منداڵەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی لە بەروارێکی جوان، کۆرپەکەیان لە دایک بێت، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دیارەیە هۆشداری دەداتە ئافرەتان دووگیان.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک نەشتەرگەری بۆ ئەو ئافرەتانەی دووگیانن بکرێت، کە نیازیانە لە بەروارێک جوان، لە دایکبوونی منداڵەکانیان بە نەشتەرگەریی پێش کاتی لەدایکبوون بخەن.
سامان بەرزنجی گوتیشی: بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەم دیاردەیە کەمبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیش هەموو ڕێککارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگەنەدرێت ژیانی کۆرپەلە بخرێتە مەترسییەوە، هەربۆیە پێش نەشتەرگەریی ئافرەتی دووگیان پێویستە بەڵگەنامەی زانستی هەبێت، کە بسەڵمێنیت کاتی لەدایکبوونی کۆرپەکەی هاتووە.
زۆرێک لە ئافرەتانی دووگیان بە نەشتەرگەری وادەی لەدایکبوونی کۆرپەلەکانیان پێش دەخەن بۆ ئەوەی لە بەروارێکی جوانی وەک ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 منداڵیان ببێت.