سوودانی: داعش هێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەغە کراوە، هەروەها بەپێی دەستوور ڕێگەی نادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت. لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاش، سوودانی پێشوازیی لە پرۆسەکە کرد و هیوای خواست بە زووترین کات بە ئەنجام بگات.
پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا گوتی: پەیوەندییەکان نێوان هەردوو وڵات، هەزاران ساڵە بوونیان هەیە، هەروەها پەیوەندیی کولتووری ومێژوویشمان هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەم گفتوگۆیانەی کە ئەمڕۆ کردمان، وای کرد 11 یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەین. جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر کۆمەڵێک پایەی سەرەکی بەندە.
دەشڵێت: ئاسایشی عێراق و تورکیا ئاسایشێکی لێک دانەبڕاوە. هاوکات دووپاتی کردەوە، کە هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە تورکیا ڕوونە، پەکەکە ڕێکخراوێکی قەذەغە کراوە، بەپێی دەستوور ڕێگەی نادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و گرژییەکان بەردەوام دەبن، بە شێوەیەک کە سەروەری عێراقی بپارێزرێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاوە، گوتی: پێشوازیی لەو پرۆسەیە دەکەین و هیوادارین بە ئەنجام بگات و پەکەکە چەکەکانیان دابنێن.
سوودانی لەبارەی پرسی ئاو، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لەگەل سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر پرسی ئاو ڕێککەوتنێکمان کردبوو، بۆیە ئێستا لەبارەی ئەو پرسەوە کاری لێژنەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی ئیدارەدانی پرسەکە و دەستپێکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ ڕێکبکەوین.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەهۆی کەمی بارانەوە و ئەمساڵ تووشی قەیرانی ئاو بووەوە و، ئەو ئاوەی کە ئێستا هەیە بەشی وڵاتەکە ناکات.
لە درێژە قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەردۆغان باسمان لە پرۆژە هاوبەشەکان کرد، کە هەندێکان چوونەتە واری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لە چەندین بواری جیاواز، کۆچ، یاسا، خوێندنی باڵا، فریاگوازری و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە لەناکاوەکان، واژۆ کردووە.
سوودانی لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە، گوتی: لەو سەردانەم بۆ تورکیا، پێداچوونەوەمان بە کۆمەڵێک ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانمان کرد کە گرنترینییان، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، پرۆژەکە دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان و سەکۆیەکە بۆ هێنانەدی ئابووریەکی باشتر بۆ هەردوو وڵات.

دەشڵێیت: ئێستا خەریکی دامەزراندنی دەستەیەکی سەربەخۆین بۆ ئیدارەدانی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی سووریا، ڕوونی کردەوە، هەڵوێستمان لەبارەی وڵاتەکە ڕوونە، ئاسایشی سووریا کاریگەریی لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە. پابەندیی دەستووری و یاساییمان هەیە بەرانبەریان.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت لە سووریا مافی هەموو پێکهاتەکان پارyزراو بێت. هەروەها لەبارەی داعشەوە، ڕایگەیاند: ئێمە سوورین لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
گوتیشی: داعش هێستا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
