ئەمەریکا و چین تاوتوێی کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان دەکەن

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و چین، لە سویسرا تاوتوێی کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکانیان کرد، کە سەپاندوویانە بەسەر کاڵاکانی یەکدی.
شەممە 10ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی شینوای چینی بڵاوی کردەوە، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی وڵاتەکە لە شاری جنێڤی سویسرا، لەگەڵ هی لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین کۆبوونەوە.
دیپلۆماتکارانی هەردوولا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، کە ئەم دانوستانە نوێنەرایەتیی یەکەم هەنگاوی کردەیی دەکات بۆ شکاندنی بەستەڵەکی نێوان واشتن و پەکین، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە قسە توند و سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کاڵاکانی یەکدی دێت.
بە پێی ئاژانسەکە، دوای کۆبوونەوەکە گەشبینییەک لە هەردوولاوە هەیە تا بتوانن لە داهاتوویەکی نزیک ڕێککەون و باجی گومرگی سەر کاڵاکانی یەکدی کەم بکەنەوە.
ئاژانسکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، شاندی هەردوو وڵات سبەینێ جارێکی دیکە کۆ دەبنەوە.