لە پارێزگای ئەنبار مانگانە 60 تا 70 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن

بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی لە سەنتەری شێرپەنجەی ئەنبار ڕایگەیاند، سەنتەرەکە ڕۆژانە 100 تاوەکوو 120 نەخۆش وەردەگرێت بۆ چاودێریی پزیشکی و چارەی کیمیایی. گوتیشی مانگانە نزیکەی 60 بۆ 70 نەخۆشی نوێ تۆمار دەکرێت.

سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، ئەمیر حازم، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی لە سەنتەری شێرپەنجەی ئەنبار بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "ئەم سەنتەرە کە لە ساڵی 2019 دامەزراوە، نەخۆشانی شێرپەنجە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەنبار سەردانی دەکەن، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق."

ئەمیر حازم ئاشکراشی کرد، سەنتەرەکە ڕۆژانە 100 تاوەکوو 120 نەخۆش وەردەگرێت بۆ چاودێریی پزیشکی و چارەی کیمیایی. گوتیشی مانگانە نزیکەی 60 بۆ 70 نەخۆشی نوێ تۆمار دەکرێت، بە تێکڕا  سێ هەزار تاوەکوو چوار هەزار سەردانییکەریان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی تووشبوان ئافرەتم، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمکە، کە 40%ی سەرجەم حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا پێک دەهێنێت."

سەبارەت بە ڕێژەی چاکبوونەوە، حازم ڕوونی کردەوە "زۆرێک لە حاڵەتەکان چاک بوونەتەوە بەهۆی پابەندبوون بە رێنماییەکانی پزیشک و بەکارهێنانی دەرمانەکان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک."

هەر لەو چوارچێوەیەدا حەسەن ڕاوی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایگەیاند، "ئەو سەنتەرە، یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە تەندروستییەکانی ئەنبار لە دوای سەردەمی داعش، بەڵام حکوومەت پاڵپشتیی پێویستی ناکات."

ڕوونی کردەوە کە "نەخۆشەکان پێویستیان بە زیاتر لە یەک پاکێجی چارەسەر هەیە؛ پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی و دارایی و کۆمەڵایەتی هەیە، دەبێت هەڵمەتی بەردەوام هەبن، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment