میدیای حووسییەکان: فڕۆکەخانەی سەنعا دەستی بە گەشتەکانی کردەوە

میدیای حووسییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا و گەڕانەوەی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی سەبای سەر بە حووسییەکان لە زاری خالد ئەلشەیف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەوە بڵاویکردەوە، تیمە تەکنیکییەکان چاکسازییەکانی ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکەیان تەواوکردووە کە بەهۆی بۆردومانەکەوە دروستبوو، پشتڕاستیشی کردەوە گەشتەکان لە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێدەکات.

هەفتەیەک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و بەتەواوی فڕۆکەخانەکە لە خزمەتگوزاری وەستا و سەرجەم گەشتەکانی تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە ڕاگرت.

پەرەسەندنی ململانێی نێوان حووسییەکان و ئیسرائیل بەردەوامە، هاوتەریب لەگەڵ شەڕی غەززە.

ڕۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە، لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە و لە چەند شوێنێکی ئیسرائیلیش زەنگی ئاگادارکەرەوە لێدراوە، لای خۆیانەوە گرووپی حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی هەڵدانی ئەو مووشەکەی لە ئەستۆ گرت.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حووسییەکان ڕایگەیاند، حووسیەکان مووشەکێکی بالیستییان بەرەو فڕۆکەخانەی بن گوریون لە نزیک تەلئەڤیڤ هەڵداوە.

 
Fly Erbil Advertisment