حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: لە ئەمڕۆوە حاجییانی هەرێم دەتوانن دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بکڕن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ئەمڕۆوە حاجییان دەتوانن دوو هەزار دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بکڕن. 

چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ئەمڕۆوە حاجیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە نرخی بانکی ناوەندیی فیدراڵ، دۆلار بکڕن، واتا 100دۆلار بە 132هەزار دیناری عێراقی.

بەڕێوەبەراتییەکە ڕایگەیاندووە "حاجییان دەتوانن دوو هەزار دۆلار بەو نرخە، لە لقەکانی بانکی جیهان، بگۆڕنەوە."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ژمارەی ئەو حاجیانەی لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، پێنج هەزار و 136 حاجییە، کۆی سوودەکەش زیاتر لە یەک ملیار دیناری عێراقییە.

حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە پێویستە پاسەپۆڕت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لەجیاتی کەسێکی دیکە پارەکە بگۆڕێتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش لقەکانی بانکی جیهان، بەیانییان لە کاتژمێر نۆی بەیانی تاوەکوو 12ـی نیوەڕۆ ، ئێواران لە کاتژمێر سێی نیوەڕۆ تاوەکوو پێنجی ئێوارە و شەوانیش کاتژمێر حەوت تاوەکوو 10ـی شەو کراوە دەبن.

هەینی 2ـی ئایاری 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای قسەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی بە فەرمی ڕەزامەندییان دەربڕی بەوەی، دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییانی هەرێمی کوردستان بدات.

16ـی ئەم مانگە هەزار و 645 حاجی بەڕێگای وشکانی و 19ـی ئەم مانگەش سێ هەزار و 491 حاجی بە ڕێگەی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment