غەززە.. ڕێکخراوێکی فریاگوزاری بە پاڵپشتیی ئەمەریکا دەست بە کارەکانی دەکات

ڕێکخراوێکی فریاگوزاری کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتیی دەکرێت، بەنیازە پێش کۆتایی مانگی ئایار دەست بە چالاکییەکانی لە غەززە بکات.
ئەو دامەزراوەیە داوای لە ئیسرائیل کردووە، ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە بدات ئێستا دەست بە گەیاندنی یارمەتییەکان بە فەلەستینییەکان بکەنەوە تا ئەو کاتەی ئەوان ئامادە دەبن بۆ کارکردن.
ئیسرائیل ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە دەکات، تا ئەو کاتەی حەماس هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان کە ماونەتەوە ئازاد دەکات. هەروەها تەلئەڤیڤ پشتگیریی خۆی بۆ "پلانی مرۆیی ئەمەریکی" ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەکی ئاگادار نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: کۆمپانیای ئەمنیی ئەمەریکی یو جی سۆڵوشنز و کۆمپانیای لۆجستیکی و پلاندانانی سەیف ڕیچ سۆڵوشنز، کە بنکەکەیان لە ئەمەریکایە بەشداریی لە کارەکانی دامەزراوەکەدا دەکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، زیاتر لە دوو مانگە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە ڕاگیراون، هەروەها ئیسرائیل ڕێگەی نەداوە هاوکارییەکان بچێتە ناو کەرتی غەززە سەرەڕای بەردەستبوونی پێداویستییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لەسەر سنوورەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، ڕێگریی لە یارمەتییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و ژیانەوە، دانیشتووانی ئەو وڵاتە توانای کڕینی خۆراکیان نییە.
لە ٢ـی ئادارەوە تا ئێستا، هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو کەرتی غەززە و ڕێکخراوێکی جیهانی چاودێریی برسێتی هۆشداریی داوە، نیو ملیۆن کەس کە نوێنەرایەتی چارەکێکی دانیشتوانی کەرتی غەززە دەکەن، مەترسی برسێتییان لەسەرە.
ئیسرائیل حەماس تۆمەتبار دەکات بە دزینی یارمەتییەکان، تۆمەتێک کە بزووتنەوەکە ڕەتی دەکاتەوە.