کۆمیسیۆن: زانیاریی کەسیی نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دەنگدەر نوێ کراونەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: زانیاریی کەسیی ملیۆنێک و 292 هەزار و 45 دەنگدەریان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا نوێ کردووەتەوە.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای  کرد، هەولێر پلەی چوارەمە لەسەر ئاستی عێراقدا کە زانیاریی کەسیی 95 هەزار و 417 دەنگدەری لێ نوێکراوەتەوە، لە سەڵاحەدینیش، زانیاریی کەسیی 78 هەزار و 808 دەنگدەریان نوێ کردووەتەوە.

لەبارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: زانیاریی کەسیی 50 هەزار و 461 دەنگدەر لە دهۆک و 68 هەزار و 825 دەنگدەر لە سلێمانی، 71 هەزار و 407 دەنگدەر لە کەرکووک، نوێکراونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدا لە بەغدا لە کەتی ڕەسافە، زانیاریی کەسیی 137 هەزار و 122 دەنگدەر، لە کەرخیش زانیاریی کەسیی 127 هەزار و 825 دەنگدەر نوێکراونەتەوە.

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.

بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنە مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەمساڵ لەدایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 330 حزب و پارتی سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆن تۆمارکراون و دەبێت هەر هەمووشیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن سەردانی کۆمیسیۆن بکەن، هەروەها زیاتر لە 60 هاوپەیمانیش تۆمارکراون. 

Fly Erbil Advertisment