وەزیری ئەوقاف: بە باشترین شێوە ئامادەکاری بۆ حاجییان کراوە

بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە و وەزیری ئەوقافیش دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەک بۆ حاجییانی هەریمی کوردستان کراوە، بەباشترین شێوە.

 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: یەکەم کاروانی حاجییان بەڕێگەی ئاسمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەوێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردووش دوو کاروانی دیکە بەڕێگەیی وشکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهینانی فەریزەی حەج گەشتی سعوودیەیان کرد.

وەزیری ئەوقاف گوتیشی: لەڕێگەیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمەوە، تەواویی ئامادەکارییەکانمان کردووە و بە جوانترین و باشترین شێوە هاووڵاتییانمان بەڕێ دەکەین.

لەلای خۆیەوە نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوو هەزار و 646 هاووڵاتیی بەڕێگای وشکانی بەڕێ کەوتن، ئەمساڵ شوێنێکی نزیک لە حەرەمی مەککە بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، لەگەڵ ئامادەکردنی سێ ژەمی خواردن و چەندین تیمی پزیشکی و مورشیدی ئایینی و ئەمە جگەلەوەی چەندین فەرمانبەری وەزارەت هاوەڵی حاجییان دەکەن.

بڕیار وایە کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانی سبەی دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی  نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ بەجێهینانی فەریزەی حەج بچنە سعوودیە.

 
Fly Erbil Advertisment