ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی 'کوردی و عەرەبی' هەڵدەوەشێتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: لە ساڵی داهاتوو بە دواوە، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی 'کوردی و عەرەبی' هەڵدەوەشێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێکمان بۆ وەزارەتی پەروەردە ناردووە تا قوتابییان ئاگادار بکاتەوە.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی داهاتوو واتە ساڵی خوێندنی (2026-2027) بە دواوە بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی 'کوردی و عەرەبی' هەڵدەوەشێتەوە.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە، ئەو قوتابییانەی لە ساڵی داهاتوو بە دواوە لە پۆلی 12 ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی کوردی و عەرەبی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێن.
هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە نووسراوێکدا داوای لە وەزارەتی پەروەردە کردووە ئاگاداری سەرجەم قوتابییان بکاتەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئارەزوومەندانەی وانەکانی 'کوردی و عەرەبی' لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لە کۆبوونەوەی ژمارە (7)ـی ساڵی (2022)ـی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە.
