لە سنووری سلێمانی سێ ئەندامی داعش دەستگیر کران

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بە هەماهەنگی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، لە سنووری (سلێمانی، چەمچەماڵ و شارەزوور) توانیان 3 تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی بڵاوی کردەوە، لە ماوەی 6 تا 21ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لە سێ چالاکی جیاوازدا، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بە هەماهەنگیی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان شوێنی تیرۆستان دەستنیشان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا 3 تیرۆریستی داعش لە سنووری سلێمانی، چەمچەماڵ و شارەزوور دەستگیر کران کە لە لایەن دادگاکانەوە داواکراو بوون و ئەندامی چالاکی گرووپی داعش بوون.
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی، ڕایگەیاند: ئێستا تۆمەتباران بە ماددەی 4ـی تیرۆر ڕاگیراون و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.