مەسرور بارزانی: پشتیوانییەکی زۆر لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆچوون، تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆمان لەسەر کۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو.
جەختی لەوە کردەوە، زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت.
مەسرور بارزانی، دەڵێت: بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی لێدوانەکانی بەرپرسانی بەغدا لەسەر گرێبەستەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: ئەو بۆچوون و لێدوانانەی بەرپرسانی بەغدا لەسەر پرۆسەکە دەیدەن، هیوادارم لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بیری لێ بکەنەوە.
گوتیشی: بەرپرسانی بەغدا تاوەکوو نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی کە ئێمە دەدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێمان خۆشە لە زووترین کاتدا کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێکبێت.
مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕوبیۆ: کۆبوونەوەیەکی زۆر باشم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو pic.twitter.com/GtdjVDvctq
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) May 23, 2025