ئەمڕۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید دڵتەنگ دەبن
یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کەشێکی تەواو جیاواز بەڕێ دەکات

لە دوایین گەڕی لالیگای ئیسپانی ریاڵ مەدرید رووبەڕووی ریاڵ سۆسیداد دەبێتەوە و کارلۆ ئانچێلۆتی ئیتاڵی کۆتا یاریی خۆی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەك راهێنەری مێرێنگێ ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ کەشی سانتیاگۆ بێرنابیۆ تەواو جیاواز دەبێت و هەست و سۆز دەچێتە قوڵایی یاریگە، ئەوەی زۆرینەی هاندەرانی ریاڵ مەدرید لێی دەترسان روودەدات، لوکا مۆدریچی ئەستێرەی یانەکە دوای 13 وەرز یارییکردن بە درێسی شاهانە، کۆتا یاریی بە درێسە سپییە ناوازەکەوە لەو یاریگەیە دەکات.
کوڕە کڕواتییەکە لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی جامی جیهانی یانەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام کۆتا یاریی یاریزانەکە دەبێت لە یاریگەی یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، کارلۆ ئانچێلۆتی ناتوانێت بە باشترین پێکهاتەی خۆیەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکەی بکات، بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی لە ماوەیەکی دوور و درێژی وەرزەکە.
لەم یارییە یانەکە بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئیدەر میلیتاو، داڤید ئالابا، ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، فێرلاند مێندی، ئیدوارد کاماڤینگا، رۆدریگۆ و ئیندریك بەهۆی پێکان، جوود بێلینگهام-یش بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان ناتوانێت لە کۆتا گەڕی لالیگا بەشدار بێت.
مۆدریچ و ئێمباپێ بە شێوەیەکی سەرەکی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد یاریی دەکەن، هاندەرانی ریاڵ مەدرید خەڵاتێکی تایبەتی لوکا دەکەن، ئێمباپێ بۆ تۆمارکردنی گۆڵ و رکابەری بەدەستهێنانی پێڵاوی زێڕین دەجەنگێت.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر دوای دوورکەوتنەوە لە پێکان بۆ کۆتا گەڕێ لالیگای ئیسپانی ئامادە دەبێت، بەڵام هێشتا دیار نییە بە سەرەکی یاریی دەکات یان یەدەگ دەبێت.
یانەی ریاڵ مەدرید دووای تێپەڕبوونی 37 گەڕی لالیگای ئیسپانی بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ لە ریزبەندی دووەم دەبیندرێت و بە جیاوازی 4 خاڵ لە دووای بارسێلۆنای پاڵەوانی خولەکەیە.