عەلی عەلاق: دەبێت ڕێگریی لە سپیکردنەوەی پارە بکەین، چونکە دەبێتە هۆی پشتیوانیکردنی تیرۆر
هەرێمی کوردستان لەڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە هەماهەنگیان کردووین

چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، کۆنفرانسی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بەغدا بەڕێوە چوو. لەوبارەوە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق گوتی: باش دەزانین کە سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی تیرۆر تەنیا پرسێکی ماددی نییە، ئەرکە لەسەر هەموومان، سپیکردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بکەین.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، ئێمە کار بۆ سەپاندنی سەقامگیری پارە دەکەین، باش دەزانین کە سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی تیرۆر، تەنیا پرسێکی ماددی نییە، بەڵکو دەگایەکە بۆ شکستهێنان بە سەقامگیریی و لێکترازانی هەموو دەزگاکانی عێراق لەڕووی سیاسیی و دارایی.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکە لەسەر هەموومان، بۆ ئەوەی سپیکردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بکەین، دەشڵێت: عێراق لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی باش هەماهەنگی کردووە، هەروەها کارمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر کردووە.
عەلی عەلاق گوتیشی: عێراق پابەندە بە توندکردنی هەموو ئەو ڕێکارانەی دەبنە هۆی بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە، لەوبارەوە ئەزموونمان لە وڵاتان وەرگرتووە و کۆمەڵێک خاڵی بەهێزمان بۆ سەقامگیریی پارە وەرگرتووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی هەناردەی دەرەوە کراوە، دەکەین، بەم هۆیەشەوە زانیارییەکان لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ دەکەین.
ڕوونیشی کردەوە، کۆمەڵێک خاڵی لاوازمان هەیە پێویستە سەرنجیان بدەین و چارەیان بکەین، بۆ ئەوەی مەترسی سپیکردنەوەی پارە کەم بکەینەوە، هەروەها بەردەوامین لەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ سپیکردنەوەی پارە دابنێین.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕاشیگەیاند، کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەوپارانە بۆ شتێک نەچێت کە زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت و ببێتە مەترسی، هەروەها ئەو ڕێکارانەی گرتوومانەتە بەر بریتییە لە چاودێریکردنی ئەوپارانەی دەچنە دەرەوەی وڵات، بەمەش وردبینی تەواو لەو بڕە پارەیە و ناوی بانکەکان دەکەین، ڕێگرییش لە بەکارهێنانی ئەو پارەیە دەکەین بۆ مەبەستی دیکە بەکار بهێنرێت جگە لەو مەبەستەی کە پێشکەشی بانکی ناوەندی کراوە.
عەلی عەلاق باسی لەوەش کرد، سیستەمی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیمان لەڕێگەی بانک و پەنجەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە توندتر کردووە، چاودێریمان خستووەتە سەر ئەو دراوە بیانییانەی دێنە عێراق، بۆ ئەوەی بزانین دەچێتە دەستی چ کەس و لایەنێک.
جەختیشی کردەوە، سەرنجمان خستووەتە سەر کەرتی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کۆمەڵێک ڕێکارمان لەوبارەوە گرتووەتە بەر، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها یەکێک لەو خاڵانەی جێبەجێمان کردووە، بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە ڕێگەی بانکەکانەوە.
دەشڵیت: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارمان کردووە سوپاسیان دەکەین کە هەماهەنگیان کردووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، کە هەرێمی کوردستان لەو بارەوە نوێنەری لای ئێمە هەیە، ئەمەش مانای وایە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی لەهەموو عێراق جێبەجێ دەکرێت.