ویتکۆف: تێڕوانینێکی زۆر باشم له باره‌ی ئەگەری ئاگربەستی غه‌ززه هه‌یه

نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماژه به‌وه ده‌كات، تێڕوانینێکی زۆر باشی هەیە سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس.
چوارشه‌ممه، 28ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێرده‌ی دۆناڵد تره‌مپ، بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جه‌ختی كرده‌وه کە ئەو تێڕوانینێکی زۆر باشی سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە. گوتیشی: پێشبینی ده‌كەم به‌م نزیكانه پێشنیازێکی نوێیان بۆ بنێرم.
ستیڤ ویتکۆف، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، تێڕوانینێکی زۆر باشم هەیە بۆ ئاگربەستێکی کاتی و چاره‌یه‌كی درێژخایەن.
چوارشه‌ممه، 28ـی ئایاری 2025، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌باره‌ت به "چوارچێوه‌ی گشتیی گه‌یشتن به ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی" و كشانه‌وه‌ی ته‌واوی سوپای ئیسرائیل له كه‌رتی غه‌ززه و گه‌یشتنی هاوكارییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری كه‌رته‌كه له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پیشه‌یی له دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، ڕێك كه‌وتوون.
بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی باسی له‌وه‌ش كردبوو، ڕێككه‌وتنه‌كه ئازادكردنی 10 دیلی ئیسرائیلی و ژماره‌یه‌ك ته‌رم له به‌رانبه‌ر ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك زیندانی فه‌ڵه‌ستینی به نێوه‌ندگیریی لایه‌نه‌كان له خۆ ده‌گرێت.
دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری ستیڤ ویتکۆف، بڵاوی کردبووه‌وه، لێدوانەکانی حەماس لە بارەی ئاگربەستی غەززە جێگای قبووڵ نین و بێهیواکەرن.
هەروەها ڕاشیگەیاند، پێشنیازەکە پێک هاتووە لە ئازادکردنی نیوەی دیلەكان و ڕادەستکردنەوەی ته‌رمی نیوه‌ی دیكه‌یان. گوتیشی: ئیسرائیل بە پێشنیازیی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە، ئێستا بڕیارەکە لەسەر حەماس ماوەتەوە و دەبێت قبووڵی بکات.
ویتکۆف، ئاماژەی به‌وه‌ش دابوو، ئاگربەستەکە ڕێگه‌خۆشکەر دەبێت بۆ دانوستانێکی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل.