بوفۆن؛ بەرامبەر بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید شایستەی نازناوی چامپیۆنزلیگ نەبووین

نیگەرانە لەو ناڕەزایەتییەی رووبەڕووی ئینتەرمیلان دەکرێتەوە

جیانلویجی بوفۆن گۆڵپارێزی پێشووی ئیتاڵیا و یوڤێنتۆس
جیانلویجی بوفۆن گۆڵپارێزی پێشووی ئیتاڵیا و یوڤێنتۆس

جیانلویجی بوفۆن ئەفسانەی ئیتاڵیا و گۆڵپارێزی پێشووی یوڤێنتۆس، نیگەرانە لەو ناڕەزایەتییەی بەرامبەر ئینتەر میلان هەیە کە ئەم یانەیە نوێنەری ئیتاڵیایە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

بوفۆن ئێستا وەکو بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی یەکەمی ئیتاڵیا کار دەکات، دەڵێت ئەوکاتەی یاریزان بووە هەستی بەبێزاری کردووە کاتێک خەڵکانێک ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەیان کردووە، ئەو هەرچەندە یەکێک بووە لە رکابەرەکانی ئینتەر میلان بەڵام ئێستا دڵخۆشە کە یانەیەکی وڵاتەکەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریی دەکات و ئامادەیە بەهەموو جۆرێک پاڵپشتیان بکات.

بوفۆن هێما بۆ ئەوە دەکات چامپیۆنزلیگ بۆ یوڤێنتۆس و هاندەرانی وەکو گرێیەک بوو، زیاتر لە جارێک گەیشتنە یاریی کۆتایی بەبێ ئەوەی بتوانن نازناوەکە ببەنەوە، بە پەشیمانییەوە دانی پێدادەنێت کە ئەو تیپانەی بەرامبەریان یارییان کردووە لەوکاتەدا باشتر بوون.

لە کۆتاییدا بوفۆن دەڵێت: "لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان ئەوەی باشتر بێت شایستەی نازناوەکەیە، ئێمە سێ جار لە یاریی کۆتایی دۆڕاین و شایستە نەبووین ببینە پاڵەوان، بەرامبەر ریاڵ مەدرید شایستەی دۆڕان بووین، هەروەها بەرامبەر بارسێلۆنا شایستەی دۆڕان بووین، ئێمە تەنیا هەوڵماندا بەرگری بکەین".

یوڤێنۆتس 9 جار لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریی کردووە، لە ساڵانی 1985 و 1996 بووە پاڵەوان، بەڵام 7 یاریی کۆتایی دۆڕاندووە، ئەو یانەیە زۆرترین جار لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دۆڕاوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment