لێڤاندۆڤسکی چارەنوسی لەگەڵ بارسێلۆنا یەکلایی کردەوە

لە کاتێکدا زۆرێک لە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا داوا دەکەن، بۆ وەرزی داهاتوو یانەکەیان هێرشبەرێکی سەرە رم لە شوێنی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام گۆڵکارە پۆڵەندییەکە مانەوەی خۆی لە یانەکەی راگەیاند.
رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هاوینی ساڵی 2022 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنا کرد و لەگەڵ ئەو یانەیە توانیویەتی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، بەڵام هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکە بەهۆی پێکانەکانی ئەم دواییە گۆڵکارەکەیان و هەروەها بەرزبونەوەی تەمەنی، داوا دەکەن لە شوێنی هێرشبەرێکی لاو بگوازنەوە و چاوەڕێ ئەوەیان دەکرد ئەو یاریزانە یانەکەیان جێبهێڵێت.
فابریۆزۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، لیڤا مانەوەی خۆی لە یانەکەی بۆ وەرزی داهاتووش راگەیاندووە و ئامادەنیە یانەکەی جێبهێڵێت. لەمبارەوە گۆڵکارە پۆڵەندییەکە دەڵێت '' بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام دەبن و ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک جێگەی مشتومڕ نیە، دڵنیام بۆ وەرزی داهاتوو بەهێزتر دەبین ''.
لیڤاندۆڤسکی لەو کاتەی ساڵی 2022 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا کردووە، لەگەڵ یانەکەی لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان، بەشداری 147 یاریکردووە و خاوەنی 101 گۆڵ و 20 ئاسیستە، هەروەها 5 ناسناوی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.