وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ده‌داته‌وه

وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ده‌داته‌وه و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه به سیاسیی ناو ده‌بات و ده‌ڵێت، دووره له ڕاستییه بابهتییهكان؛ ده‌شڵێت، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ڕه‌چاوی بنه‌ماكانی هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌كردووه كه عێراقی فیدراڵی له‌سه‌ر دامه‌زراوه.
پێنجشه‌ممه، 5ـی حوزه‌یرانی 2025، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی دایه‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ جارێكی دیكه ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه سیاسییه و له‌سه‌ر هه‌مان ڕێباز به‌رده‌وامه و شكسته‌كانی خۆی كه له ئه‌نجامی په‌یڕه‌ویكردنی سیاسه‌تی ناوه‌ندیی ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه، خستووه‌ته ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رگیز ڕه‌چاوی بنه‌ماكانی هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌كردووه كه عێراقی فیدراڵی له‌سه‌ر دامه‌زراوه.
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕووه‌وه و وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ گوتوویه‌تی: "ئێوەن کە بە ئاشکرا و بە بەردەوامی دەستوور پێشێل دەکەن. ئێوە ساڵانێکی زۆرە بەربەستی پەسندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی بوون، یاسایەک کە نوێنەرایەتی بەردی بناغەی چاره‌کردنی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە نەوت دەکات و ئێوه درێژه به سیستمی یاساكانی ڕژێمه‌كانی پێشوو ده‌ده‌ن كه بریتی بوو له یاساكانی حزبی به‌عس كه باوه‌ڕی به ناوه‌ندیه‌تیی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌م به‌سه‌رچوو. یاسای ساڵی 1976 دیارترینی یاساكانی حزبی به‌عس بوو كه به ئاشكرا دژی بنه‌ماكانی سیستمی فیدراڵی و مادده و بڕگه ده‌ستوورییه‌كانی ده‌ستووری ئێستای عێراقه."
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ئێوه به سیستم سیاسه‌تی برسیكردن به‌رانبه‌ر به هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و مووچه و بژێوی ژیانیانتان بڕیوه، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی سه‌ره‌تاییترین مافه مرۆییه‌كانه و گه‌وره‌ترین پێشێلكارییهكه. ئه‌م سیاسه‌ته سیستماتیكهتان بۆ جێبه‌جێكردنی پلانی جیاكارییه كه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره و ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین پێشێلكاریتانه."
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان گوتووشیه‌تی، تۆمه‌ته‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ له باره‌ی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵێكی ئاشكرایه بۆ چاوپۆشی و لابردنی سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌كانی به‌قاچاغبردن و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ناوچه جیاجیاكانی عێراق. "ئێوه نه‌وتی باشووری عێراق به‌قاچاغ ده‌به‌ن و هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك ده‌كه‌ن و ڕاپۆرته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان شایه‌تی له‌سه‌ر قه‌باره‌ی به‌فیڕۆدان و گه‌نده‌ڵییه‌كانتان ده‌ده‌ن و نه‌وت تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و له بری خزمه‌تكردنی عێراق و گه‌له‌كه‌ی، خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانی دیكه ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش زیانتان به ناووبانگی عێراق و گه‌له‌كه‌ی گه‌یاندووه."
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە سەرەڕای ئەوەی لایەنی بەرانبەر بەرپرسیاریه‌تی و ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی به‌جێ نه‌هێناوه. "كاتێك هەرێمی كوردستان به‌رپرسیار ده‌كه‌ن له زیادەی ئۆپێک، هه‌ڵه‌ی خۆتانه، چونکە ئێوە بە ناوی نەوتی عێراقەوە نەوتی خەڵکی دیكه دەفرۆشن. به پێی ده‌ستوور مافی هه‌رێمی كوردستانه دوو هێنده‌ی ئێستا بەرهەمهێنانی نه‌وت زیاد بكات، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات‌دا، تەنانەت نیوەی ئەم بڕەش بەرهەم ناهێنێت. ئێمە وه‌كوو وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەستی ئێوە کردووە، كه‌چی یه‌ك دینارتان لە بەرانبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمەش به ئاشكرا پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و پابەندبوونە داراییەکانە."
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكات له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی داوه‌ته‌وه، ڕایگه‌یاندووه، ده‌یانه‌وێت چه‌ند ڕاستییه‌ك به ڕوونی و بێ هیچ جۆره دوودڵییه‌ك بۆ ڕای گشتیی بخه‌نه ڕوو، كه بریتین له‌م خاڵانه:
1-حکوومەتی هەرێمی كوردستان له هه‌نارده‌نه‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت به‌رپرسیار نییه، بەڵکو ئەمە لە ئەنجامی ئەو داوایەی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کردبوو، کە بووە هۆی وەستانی هەناردەکردن لە 25ـی ئاداری 2023 و زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بە حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم و کۆمپانیاکان گەیاندووە.
2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە تایبەتی لە 4ـی نیسانی 2023 ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دووباره دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنهوهی نه‌وتی ڕاگیراوی هه‌رێمی كوردستان، بەڵام یاسای بودجەی فیدراڵ تێچووی بەرهەمهێنانی به شێوه‌یه‌كی سنووردار دیاریی کردبوو كه بریتی بوو له (شەش دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان سنووردار بكه‌ن.
3-له‌سه‌ر داوای وەزارەتی نەوت بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیەنرایە پاڵاوگەیەک کە بەناوی وەزارەتی نەوتەوە کار دەکات بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ. کۆی گشتی گه‌یاندن و ڕادەستکردن نه‌وت له‌و ماوه‌یه‌دا بریتی بووه له 11 هەزار و 826 هەزار و 218 به‌رمیل، به‌ڵام سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی هەرێمی كوردستان، له به‌رانبه‌ردا یەک دینار بۆ ئەم بڕە خەرج نەکراوه، لە ئەنجامدا کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نه‌وت گه‌یاندنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوت سنووردار كرد.
4- له سه‌ره‌تای پێکهێنانی حکوومەتی ئێستای فیدراڵ، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ پێک هێنرا. بۆ ئەم مەبەستە چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرا، بەڵام هێشتا ئەم هەوڵانە هیچ ئەنجامیان نه‌بووه. سستی و دواکەوتنێکی ڕوون لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە هەیە لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە زۆر گرنگە، کە به کلیلی ڕاستەقینەی چارەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت.
5- بەو پێیەی سیستمی حوكمڕانی لە عێراق سیستمێكی فیدراڵییە، و مافی دەستووری هەرێمە یاسای تایبەتی خۆی هەبێت کە کاروبارەکانی ڕێک دەخات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و غاز ژمارە 22ـی ساڵی 2007 گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ئیمزا كرد، ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەو گرێبەستانەدا هەبووایە، ئەوا کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناووبانگەکان به‌بێ بنه‌مای یاسایی بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان له هه‌رێمی كوردستان نەدەکرد.
6- عێراق دەستووری هەیە، ئەگەر مادده و بڕگەکانی وه‌كوو خۆی و دوور لە بەرژەوەندیی تەسک لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا جێبەجێ بکرایە، دۆخی گشتیی وڵات و دۆسیه‌ی نەوت بەتایبەتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە ئاڵۆز و قه‌یراناوییه‌ی.
7- حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابه‌ندی ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی بووه سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دووباره دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنهوهی نه‌وت ڕازی بوو، نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوه بفرۆشێت و سەرجەم داهاتی فرۆشتن بخاتە گه‌نجینه‌ی دەوڵەت و کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری دیاریی بكرێت بۆ ڕاییكردنی كاره‌كان، هەروەها هه‌ژماری ئیسکرۆ (Escrow Account) بە ناوی کۆمپانیاکان بکاتەوە.
8-کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی كوردستان کار دەکەن پێویستە: "پابەند بن بە گرێبەستەکان لە ڕووی مۆدێلی ئابووری و مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستەکەوە، و زیان بە گرێبەستەکان نه‌گه‌یه‌نن بەو پێیەی لە دادگای فیدراڵی و دادگا نێودەوڵەتییەکان ڕێڕەوی یاسایی خۆیان گرتووەتە بەر."
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆتاییدا ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: "ده‌مانه‌وێت به بیری ئێوه و ڕای گشتیش بهێنینه‌وه، ڕێككه‌وتنی كاتیی بۆ دووباره دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنهوهی نەوتی هه‌رێمی كوردستان كه دواتر چه‌ند كۆبوونه‌وه و چاوپێكه‌وتنێكی لێ كه‌وته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان نه‌رمی نواندووه و ئاماده‌ی هاوكاریی بووه، ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌تان كه گوایه كۆبوونه‌وه و دانوستانهكانتان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بێئه‌نجام بووه، پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.