هۆشیار زێباری: ڕاگرتنی مووچە، بڕیارێکی سیاسی و ستەمکارانەیە

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بە بڕیارێکی تەواو سیاسی و ستەمکارانە پێناسە کرد. جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ پابەندی دەستوور نەبووە.

هەینی 6ـی حوزه‌یرانی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی، ڕایگەیاند: پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە ئاستێکی خراپ دایە، بە تایبەت دوای بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری ڕاگرتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، بڕیارێکی تەواو سیاسی، ستەمکارانەیە و لە کاتێکی خراپ دایە.

هاوکات دەڵێت: حکوومەتی عێراق بەم بڕیارەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی پێشێل کردووە، هەر ئەمەش هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابووریی لە هەرێم بووە.

جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە و، ئامانج لێی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment