کەسوکاری ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان نوێژی جەژنیان کرد

ژمارەیەک لەکەسوکاری ئەنفالکراون لە گەرمیانەوە چوونەتە قەڵای نوگرە سەلمان، دوای 37ساڵ لەو قەڵایە شەوێکی دیکەیان بە ڕۆژ هەڵاتن ڕووناک کردەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆکەش هەر لەوێ نوێژی جەژنی قوربانیان کرد. 

22 کەس لەکەسە نزیکەکانی خێزانەکەی ئەنفالکراون و چارەنووسیان نادیارە، لە خێزانێکی گەورە، تەنیا خۆی و ئامۆزایەکی ڕزگاریان بووە، ئەمە چیرۆکی جەلیل ڕەئوفی تەمەن 58 ساڵە. 

ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، جەلیل ڕەئوف ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال بە کوردستان24ـی گوت: پێنج خوشک و سێ برا و سێ برازام ئەنفالن، لەگەڵ چەند خوشکەزا و ئامۆزاکانم.

دوای 37 ساڵ، کەسوکاری ئەنفالکراوان بەیەکەوە ڕێورەسمی نوێژی جەژن دەکەن و گەردن ئازایی لەیەکتر دەکەن، ئەوەی لەلای ئەوانەوە گرنگە، گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزانیانە، تاوەکوو ئێستا تەنیا هەزار و 854 ڕووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان.

دوو ساڵیشە 155 ڕووفات لە پزیشکی دادی بەغدان، سەڕەرای وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکارەکانیان، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕووفاتەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە.

یادگار شەریف، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەنفالکراون بە کوردستان24ـی گوت: نموونەی خوێنمان لێ وەرگیرا، بەڵام تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک ڕووفات ئەنجامەکانیان دەرنەچووە، هەروەها داوادەکەین کەیسی ئەنفال بە جینۆساید بناسرێن و هەموو ئەو تاوانبارانەی دەستیان لە پڕۆسەی ئەنفال هەبووە، دادگایی بکرێن.

قەڵای نوگرە سەلمان، زیندانێکی گەورەی سەردەمی ڕژێمی بەعس بوو، کە هاووڵاتییانی ئەنفالکراوی گەرمیان و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستانیان لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تێدا زیندانی کرد بوو، قەڵاکە دەکەوێتە نزیک بیابانەکانی سنووری عێراق - سعوودیە، کە نزیکەی 1,5 کیلۆمەتر لە گوندی سەلمان دوورە، کە سەر بە پارێزگای موسەننایە لە باشووری عێراق.

 

 

Fly Erbil Advertisment