قالیباف: لە دوایین پێشنیازی ئەمەریکادا باس لە هەڵگرتنی سزاکان نەکراوە

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، لە پێشنیازی ئەم دواییەی ئەمەریکادا باس لە هەڵگرتنی گەمارۆکان نەکراوە، ئەمەش هەڵسوکەوتی دژ بەیەک و ناپاکیی واشنتن نیشان دەدات.
قالیباف، ڕوونیشی کردەوە "لەکاتێکدا ئەمەریکا باس لە کرانەوەی ئابووری بۆ ئێران دەکات، نەک مافی پیتاندنی یۆرانیۆممان زەوت دەکات، بەڵکوو، تەنانەت بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانیش نادات. ڕوونە هیچ لۆژیکێکی عەقڵانی ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە و سەپێنراوی لەو شێوەیە قبوڵ ناکات."
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاندووە "تەنیا چارە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەیە هەمووان تێیدا سەرکەوتوو بن."
قالیباف، جەختی لەوە کردەوە ئێران ئامادەیە متمانە بە سروشتی ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات بەوەی پیتاندن لەسەر خاکەکەی بکات، بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و دەستکەوتە ئابوورییەکان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕاستی بەدوای ڕێککەوتندا دەگەڕێت، دەبێ ڕێبازی خۆی بگۆڕێت و واز لە هاوکاریی ئیسرائیل و پشتگیریی لە بیرۆکە شکستخواردووەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، بهێنێت.