ئەمەریکا: دوو هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا چالاکن

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە هێشتا لە عێراق و سووریا چالاکن بە نزیکەی دوو هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، هاوکات ژمارەی دەستگیرکراوانی داعشیش بە نزیکەی  هەشت هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.

مایکل کوریلا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەڕەشەی داعش بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە، سەرەڕای ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر چەکدارانی ڕێکخراوەکە، بەو پێیەی هێشتا شانە چالاکەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سووریا ماون"، ئاماژەی بەوەش کرد "هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەوڵدەدەن بەدواداچوون بۆ ئەو شانە نووستوانە بکەن." 

گوتیشی: "ئێستا نزیکەی هەشت هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکاندا ڕاگیراون کە لەلایەن هاوبەشە کوردەکانمانەوە لە سووریا بەڕێوەدەبرێن"، هەروەها دامەزراوەکان توانایان سنووردارە و ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەبنەوە.

چەند ساڵێکە کۆتایی هاتنی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا ڕاگەیەندراوە، بەڵام تا ئێستاش چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە توانای هێرشکردنیان هەیە بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییە بیابانییەکان، بە سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەکان و سەختی کۆنترۆڵکردنی جوگرافی لە هەندێک ناوچەدا.

پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هۆشداریی دابوو لەوەی هێشتنەوەی چەکدارانی داعش لەزیندانەکاندا بەبێ ئەوەی چارەیەکی یەکجاریی بکرێن، چ لە ڕێگەی دادگاییکردن، چ لە ڕێگەی چاکسازی، یان گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، ئەوە مەترسیی سەرهەڵدانەوەیان دەبێت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment