رۆیتەرز: 14 زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژراون

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایدەگەیەنێت: لە رۆژی هەینییەوە 14 زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی و دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ چەندین ناوچەی ئێران، 14 زانای ئەتۆمی کوژراون.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، بەشێک لە زاناکانی ئەتۆمی ئێران بەهۆی بۆردوومانەکان و بەشێکی دیکەش بە ئامانجگرنتەکانیان بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێل بووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.