ئەردۆغان: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی شکست پێ هێنا. جەختی لەوەش کردەوە، دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان و ڕاگەیاندنی ئاشتی.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ مەشعەل جابر، میری کوێت، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها ئیسرائیل دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای شکست پێ هێنا.
هاوکات دووپاتی کردەوە، دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان و ڕاگەیاندنی ئاشتی. دەشڵێت: حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیریی و نائارامی لە جیهان.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، هەوڵ دەدات ئەو جینۆسایدەی لە غەززە کردوویەتی پەردەپۆشی بکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.