ئەو کەسانەی لە شەقام و ترافیکەکان کار بە منداڵان دەکەن ئاگاداردەکرێنەوە

لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر، بەجددی کار بۆ ئەوە دەکەن چیتر منداڵان لەسەر شەقام و ترافیکەکان کار و سواڵ نەکەن.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەموو هەوڵەکان ئێستا بۆ ئەوەن کارکردنی منداڵانی سەرشەقام و ترافیکەکان قەدەغەبکرێت و چیتر ڕێگەیان پێ نەدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارماندا سەرەتا بەشێوەیەکی مەیدانی لەگەڵ هەموو ئەو منداڵانەی لەسەر شەقام و ترافیکەکان کار و سواڵ دەکەن هۆکارەکەی بزانین.
یوسف چاوشین گوتیشی: ئەگەر هەر منداڵێک بەهۆی کەمدەرامەتی یان هەر هۆکارێکی دیکە ئەم کارەدەکات، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی جددی دەدرێت کێشەکەیان بۆ چارەسەربکرێت، بەڵام زانیاریمان هەیە کەسانێک بازرگانی بەو منداڵانە دەکەن و بە زۆر دەرۆزە و کاریان پێدەکەن.
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەر کەسێک یاخود هەر دایک و باوکێک بازرگانی بەو منداڵانە بکات، ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، پشت بە یاسایی بازرگانی دەستگیردەکرێن، بەڵام ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبن، ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێن.
لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی کارکردنی منداڵاندا، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: لە داهاتوودا کارکردنی منداڵانی سەرشەقام قەدەغەدەکەین.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی داوە، لە ساڵی 2024 کارکردن منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:
سلێمانی، منداڵانی خانەخوێ: 155، منداڵانی پەنابەر: 148، منداڵانی ئاوارە: 106، منداڵانی کۆچەری: 41.
کۆی گشتی: 450 منداڵ کاریان کردووە.
پارێزگای دهۆک: منداڵانی خانەخوێ: 231، منداڵانی پەنابەر: 41، منداڵانی ئاوارە: 17، منداڵانی کۆچەری: 79.
کۆی گشتیی: 368 منداڵ کاریان کردووە.
پارێزگای هەولێری تێدا نییە، بەڵام بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2023، لەو پارێزگایە بەم شێوەیە: منداڵانی خانەخوێ: 28، منداڵانی پەنابەر: 90، منداڵانی ئاوارە: 172.
کۆی گشتیی: 290 منداڵ کاریان کردووە.