فوئاد حوسێن: پێویستە ئەورووپا ڕۆڵی خۆی لە وەستاندنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بگێڕێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و فەرەنسا، تاوتوێی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، جەنگی ئیسرائیل و ئێرانیان بە تایبەتی کرد. هاوکات جەختیان لە گرنگی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە و پەلکێشکردنی لایەنی دیکە بۆ نێو گرژییەکە کردەوە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنساوە پێگەیشت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا تاوتوێی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، جەنگی ئیسرائیل و ئێرانیان بە تایبەتی کرد، هاوکات کۆکبوون لەسەر گرنگی جووڵەکردنی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی جەنگی ئێران و و ئیسرائییل.

هەروەها هۆشداریشیان دا لەوەی بەردەوامی ئەو جەنگە دەبێتە هۆی قەیرانی فراوانی ئابووری و مرۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

هه‌ر لە‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، جه‌خت له‌ گرنگی ڕێگریكردن له‌ فراوانبوونی جه‌نگه‌كه‌ و په‌لكێشنه‌بوونی لایه‌نی دیكه‌ بۆ ناو ئه‌و گرژییانه‌ كرایه‌وه‌.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، پێویسته‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی، به‌ تایبه‌ت فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا رۆڵی خۆیان له‌ وه‌ستاندنی ده‌ستبه‌جێی جه‌نگ و كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌‌ ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆدا ببینن، چونكه‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و جه‌نگه‌ لێكه‌وته‌ی زۆر مه‌ترسیداری بۆ ناوچه‌كه‌ و ته‌واوی جیهان هه‌یه‌.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.

 
Fly Erbil Advertisment