پوتن ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زێلێنسکی دەردەبڕێت

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دیدار لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەڵام شەرعیەتی ئەوی وەک سەرۆک کۆمار، خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

پوتن لە میانی دیدارێکی لەگەڵ نوێنەرانی ئاژانسی هەواڵ لە سانت پترسبۆرگ گوتی: ئامادەم لەگەڵ هەر کەسێک کۆ ببمەوە، بە زیلێنسکیشەوە.

بەڵام پرسیاری ئەوەی کرد کە کێ لە کۆتاییدا ڕێککەوتنی ئاشتی ئیمزا دەکات و پرسیارەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە شەرعیەتی زێلێنسکی دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەو، کۆتایی هاتووە.

بەڵام سەرکردایەتیی ئۆکرانیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، ناتوانرێت هەڵبژاردن بەپێی یاسای سەربازی بکرێت، کە لە ئەنجامی هێرشی ڕووسیادا سەپێنراوە و دووپات لەوە دەکاتەوە کە زێلێنسکی هێشتا دەسەڵاتی تەواوی بەدەستەوەیە.

لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی سانت پترسبۆرگ، پوتن داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دانوستانانە کە ئەمساڵ دووجار بە نێوەندگیریی تورکیا لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە چوو، پێویستە لە دوای 22ـی حوزەیران دەست پێ بکاتەوە.

ڕوونیشی کردەوە، کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە هەندێک دەرئەنجامی لە بواری مرۆییدا بەدەست هێناوە، لەوانە ئاڵوگۆڕی زیندانیان و تەرمی کوژراوان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment