وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەربارەی ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ دەبنەوە

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەربارەی ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ دەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە بارەگای سەرەکییان لە برۆکسل، کۆ دەبنەوە، ئەجێندانی کۆبوونەوەکەش دوو بابەتە، یەکەم ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر، لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داوایان کردووە هەینی داهاتوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ببینن.

ڕۆژی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا  لە جنێڤ،  بەڕێوە چوو.

دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی ڕۆژئاوا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد و یۆهان وادێفول, وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ڕایگەیاندبوو، باشترین ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو بۆمان دەرکەوت، ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی هەموو پرسە گرنگەکان بکات.

دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ڕایگەیاندبوو، ئێمە دەمانەوێت بەردەوامیی بە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بدەین، هانی ئێرانیش دەدات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام بێت.

ژان نۆیل باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کردبوو و گوتی: بژاردەی سەربازی پرسی ئێران چارە ناکات، ڕەنگە پیتاندنی یۆرانیۆم دوا بخات، بەڵام لە ڕەگەوە چارەی ناکات.

ئاماژەشی دابوو: وەزیری دەرەوەی ئێرانمان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بەبێ مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ هەموو لایەک دانوستان بکات و کۆ ببێتەوە.

 عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بۆ هەر ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و بەرپرسیاریەتی و پابەندبوونی خۆی بە تاوانی جەنگی ڕابگەینێت.

دووپاتیشی کردبووە، ئامادەنە بەردەوامی بە کۆبوونەکان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەورووپا بدەن. 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment