ناتانیاهۆ: توانیمان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواویی لەناو ببەین

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: توانیمان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ئامانج بگرین و بە تەواویی لەناوی ببەین. گوتیشی: بەشداریی ئەمەریکا لە جەنگی دژ بە ئێران ساتێکی مێژوویی بوو.

سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ئە و هێرشانەی کە سوپای ئیسرائیل کردییە سەر ئێران، بەهێزترین هێرش بوون بەراورد بە 50 ساڵی ڕابردوو.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: توانیمان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە ئامانج بگرین و بە تەواویی لەناوی ببەین، چیدیکە وڵاتەکە دەستی بە چەکی ئەتۆم ناگات.

هاوکات ڕایگەیاند: سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەم لە بەشداریپێکردنی وڵاتەکەی دژی ئێران، بەڕاستی ساتێکی مێژوویی بوو. جەختی لەوەش کردەوە، هەڕەشە ڕاستەقینەکەمان لەناو برد و سەرکەوتنێکی مێژووییمان بەدەست هێنا.

ناتانیاهۆ، دەشڵێت: لەو جەنگەدا دەستکەوتێکی زۆر گەورەمان بەدەست هێنا و، چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای بواری ئەتۆمیی ئێرانمان کوشت.

دووپاتیشی کردەوە، کە ناکەونە داوی وەهمی دەستکەوتەکان و هیچ نیازێکیشیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نییە، هەروەها لە هەوڵەکانیان دژی بەرەی ئێران بەردەوام دەبن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداریی دایە ئێران و گوتی: ئەگەر ئێران هەواڵی بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، بە هەمان هێز ڕووبەڕووی دەبینەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، لە 7ـی ئۆکتۆبەر تووشی گەورەترین کارەساتی مێژوویی بووین و هەرگیز ڕێگە نادەین ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووبداتەوە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment