عیماد جەمیل: نزیکەی دوو ملیۆن و 150 هەزار دەنگدەری نوێ تۆمار کراون

ئەندامێکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: تا ئیستا بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە، 38 هاوپەیمانی و 200 پارتی سیاسی تۆمار کراون. گوتیشی: ژمارەی دەنگدەران بەراورد بە هەڵبژارنی ڕابردوو، 20% زیادی کردووە.
پێنجشهممه، 26ـی حوزەیرانی 2025، عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگهیاند، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پرۆسەی تۆمارکردن و وەرگرتنی لیستی کانیدانە، ژمارەیەکی زۆر کانید لەو لیستانەدا هەن، لەوانەیە نزیکەی 500 هەزار بن.
ئەو ئەندامەی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: تا ئیستا بۆ ئەم هەڵبژاردنە 38 هاوپەیمانی و 200 پارتی سیاسی تۆمار کراون، خۆی لە عێراقدا نزیکەی 348 پارتی سیاسی هەن، بەڵام تا ئێستا هەموو پارتەکان لیستی خۆیان ڕادەست نەکردووە.
لەبارەی کێشە تەکنیکییەکان، عیماد جەمیل، گوتی: هەمیشە لە پرۆسەی هەڵبژاردن کە ژمارەیەک زۆر خەڵک تێدا بەشدار دەبن، ئامێرەکان بەدەر نابن لە کێشەی تەکنیکی، بەڵام هەر زوو هەوڵی چارەکردنی دەدرێت، هەروەها کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری هاووڵاتییان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە تەواویی چارە کراوە.
سەبارە بە کڕینی کارتی بایۆمەتری دەنگدەر، ناوبراو ڕوونی کردەوە، کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتری قبووڵکراو نییە و هەر کەسێک ئەو کارە بکات بە تووندی سزا دەدرێت، هەروەها لە سەرەتای ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، هەزار و 900 تیمی دۆزینەوەی پێشێلکارییەکان ئامادە کراون.
ئەو ئەندامەی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ، گوتی: بۆ ئەم هەڵبژاردنە نزیکەی دوو ملیۆن و 150 هەزار دەنگدەری نوێ تۆمار کراون، بە واتەی ئەوەی کە 21 ملیۆن دەنگدەری عێراقی، دەتوانن بەشداریی لە دەنگدان بکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، ژمارەی دەنگدەران بەراورد بە هەڵبژارنی ڕابردوو، 20% زیادی کردووە.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.